شەیتان ناوبژیکەرتان بێت ..!

گفتوگۆ و ململانێی بکەر و کارەکتەرە سەرەکییەکانی فەوتی بزوتنەوەی گۆڕان و ( مردنی کاک نەوشیروان )٭، کەوتونەتە قاچ لێکاڵان و گەیشتونەتە بنبەست، ئەوان لە قۆناغی تەسفیە و دەرکردنی هاوڕێکانیان و تەسلیمبون بە ئەجندای دوژمنانی فکری کاک نەوشیرواندا، لە شەڕکردن بۆ دەستکەلایی هێزە نەیارەکان، بەیەکەوە بون، هەماهەنگ بون .
– لە گواستنەوە و بە شەخسەنە کردنی موڵک و ماڵی بزوتنەوەکەدا.
– لە دنەدان و هاندان و تێوەگلانی کوڕەکانی کاک نەوشیروان بۆ دژایەتیکردنی هاوڕێکانی خۆیان و دەرپەڕاندنیان.
– لە تەرەفگیری و پەیوەندی ژێربەژێر و پوڵ و پۆست وەرگرتن و هەرجارە و چونە ژێر سەفقەیەکی نهێنی نێوان دەباشان و سەری رەشدا.
– لە سەرمەستی و پەلەکردن و گفتوگۆی رێکەوتنی کابینەی نوێی حکومەت و چونە ژێرباری ئەو عاقڵبونەی خواستی ( پ د ک ) بوو.
– لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی پارتیدا و نوسینەوەی رەشنوسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و لۆبیکردن و بەهانە هێنانەوە و دەنگدان و تێپەڕاندنیا.
– لە بەهەڵەداوان چونە ناو شەراکەتی حوکمداری بنەماڵە سیاسییەکان و خۆپاڵاوتن و پۆست وەرگرتندا.
– لە هەڵبژاردنی بێدەنگ بون بەرامبەر دەستکەوت و بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیدا.
– لە هاوبەشی و هاوڕێیەتی و سەرکزکردن لەگەڵ کاربەدەستە گەندەڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی بزوتنەوەکەدا.
– لە دروستکردن و بەردەوامی ئەو پاشاگەردانیەی رێکخستن و بێ دیسپلینی و وێرانەیی ژور و مەکۆ و بازنە و رایەڵەکانی بزوتنەوەکەدا .
– لە فسکەفسک و کۆبونەوەی نهێنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میدیای گۆڕان، کە خواست و ویست و بڕیار و کاری نەوشیروان مستەفا بوو .
– لە هاوکاری و دامەزراندنی میدیای تایبەت بە وەرەسەی نەوشیروان مستەفادا .
– لە وێڵکردنی بیری سیاسی و مێژوی کاری سیاسی وشۆڕشگێرانەی ئاشکرای نەوشیروان مستەفا و برەودان بە رەوتی پێچەوانە .
– لە نوسین و گێڕانەوەی حیکایەتی درۆ، بۆ تۆمەتبارکردنی نەوشیروان مستەفا بەوەی کە حەز و ویست و کرداری خۆی بوە کە کارگە و ئاپارتمان و زەوی غاباتی زەرگەتە و تەنانەت بینایەی مەکۆ و بازنەکان بێتە موڵکی شەخسی خۆی، کە بەهۆیەوە تەواوی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی ئەو زاتەیان خستە ژێر پرسیاری خەڵک و مێژوەوە.!!
– لە جیاکردنەوەی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکلایکردنەوەی یەکەمیان بۆ وەرەسەی کاک نەوشیروان.
– لە بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی وەرەسەکانی کاک نەوشیروان لە ناوەندی بڕیاردانی بزوتنەوەکەدا، هاندانی زیاتریان بۆ پتەوکردنی سەنگ و پێگەی حیزبی و سیاسی و شانازیکردن بەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ ئەملاولای نەیارەکان و دوژمنەکانی فکری نەوشیروان مستەفادا ئەیانبەست و بەردەوام ئەبون .
– لە بێدەنگ بون و سازشکردن لەسەر مافی یاسایی، مرۆیی و مێژویی نەوشیروان مستەفا، کە ماوەیەکی کەم و پێش مردنی، دەزگا فەرمیەکان ودادگاکانی حکومەتی هەرێم وەک تیرۆریستێکی راکردو لەیاسا ناساندیان و فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکربو .
– لە نەمانی دلسۆزی و وەفا و خۆشەویستی هاوڕێیانە و دروستکردنی بێمتمانەیی، نەمانی خوڵق و ئاکار و رەوشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی … هتد
هەمو ئەوانەی سەرەوە و ئەوان هەر پێکەوەبون و هەماهەنگ بون، بەڵام ماوەیەکە و لەسەر ئەو تاوانانەی پێکەوە کردویانە سەنگەریان لێکگرتوەو یەکتری پێ تاوانبار ئەکەن !!
هەڵەیەکی گەورەیە ئەوان و ئەوانیتر تەنیا بە فراکسیونی بەغدا و رێکخەری گشتی بچوێنین، ئەو دو بەرەیە لە مێژە بۆ پاوانکردنی بزوتنەوەکە فەرز بون و لە مێژە لەو ئاوە لێڵەشدا ڕاوی پلەوپۆست ئەکرێت..! سەنگی تەرازوی هێزەکە دواجار وەرەسەکانی کاک نەوشیروان بەلایەکیدا ئەخەن، بەڵام نە خەڵک و نە مێژو رەحمیان پێناکات و قورسیش نیە ئێمە بڵێین شەیتان ناوبژیکەرتان بێت .
٭ مەبەست مردنی فیزیکی نیە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button