زیانەکانی دروستکردنی بەنداو!

هەر ساڵێک وشک و بێ باران بێت لە کوردستان، باسوخوازی دروستکردنی بەنداو و کارکردن بۆ گلدانەوەی ئاو لەسەر ئاستی حزب و حکومەت و تاک و گروپ گاڵەیەکی گەورەی لەسەردروست دەکرێت، ماوەیەک میدیا و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەبێت و باس لە سودەکانی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک نە میدیا نە شارەزاکان زیانەکانی ئەم پرۆژەیەیان نەوروژاندووە، من ئاگاداریش نیم لە زانکۆکان توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە کرابێت.
ڕاستە دروستکردنی بەنداوی پێویست بە پرۆژەیەکی ستراتیژی دەوڵەت دادەنرێت، بەڵام هەموو جارێک ئەو بڕیارە دەرئەنجامەکانی ئەرێنی نییە، بەڵکو ڕەنگە کارەساتی بە دواوە بێت، ئەگەر لایەنی باش و خراپی لێکنەدرێتەوە.
ئێستا زانایانی بواری ژینگە ساغیانکردووەتەوە، دروستکردنی بەنداو کاریگەریی خراپ لەسەر ژینگەی وڵاتان بە تایبەت و جیهان بە گشتی جێدەهێڵێت.
بەهۆی زۆردروستکردنی بەنداو زیاتر لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن مرۆڤ لەسەر زەوی سەرچاوەی ئاویان لێ کەمکراوەتەوە.
لە ١٠ ساڵی رابردوودا بڕی بودجەی خەرجکراو لە دروستکردنی بەنداو لە جیهاندا گەیشتووەتە ٢ تریلیۆن دۆلار.
دروستکردنی بەنداو بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٢٣%ی دانیشتوانی زەوی ئاوی پێویستیان لەدەستداوە بۆ ئاودانی ناوچە کشتوکاڵییەکانیان، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر کەم لە مرۆڤ سود لەو بەنداوانە وەردەگرن گەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ژمارەی ئەو خەڵکانەی لەسەر ڕێڕەوی ڕوبارەکانن.
توێژینەوەکانی ئەو بوارە دەڵێن، دروستکردنی بەنداوەکان لە وڵاتی چین و هیندستان و تورکیا، بووەتە هۆی وشککردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی زەوی کشتوکاڵی لەناو خودی وڵاتەکان و هاوسێکانیان و ڕۆژ بە ڕۆژێیش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.
زانا و پسپۆڕانی ژینگە و کەرتی کشتوکاڵ دەڵێن، دروستکردنی بەنداو کاریگەریی خراپی لە ژینگە کردووە، بەشێوەیەک لە ٤%ی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پەیوەندیی بە دروستکردنی بەنداوەوە هەیە، لەوانەش دروستبوونی لافاو و وشکەساڵی و نەبوونی سودی ئابوری، باشترین نموونە بۆ نزیکی ئێمە بەردانەوە وگرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی ڕوباری سیروانە لە لایەن ئێرانەوە.
لە چەند دەیەی رابردودا دروستکردنی بەنداو بووەتە هۆی ئاوارە بوونی نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس، کە لە ٢٣%یان لە وڵاتی چینە، هەروەها کاریگەریی خراپی هەبووە لە سەر ٥٠٠ ملیۆن کەسی دیکە کە دەکەونە ئاوڕێژی بەنداوەکانەوە.
توێژینەوە پزیشکییەکان باس لەوە دەکەن پلەی گەرمی ئاوی کۆکراوەی ناو بەنداوەکان زۆر جیاوازە لە خودی ئاوی ڕوبارەکان، بۆیە لە کاتی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان بەهۆی ئەو جیاوازییەوە لە پلەی گەرمی ئاوەکەدا، چەندین پەتا و نەخۆشی بڵاودەبێتەوە، پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵیش دەڵێن سیستمی ژینگەیی خوار بەنداوەکان لە خاک و ڕووەک و سامانی ماسی و مادە خۆراکییەکانی زەوی تێک و پێک دەدات و ناهاوسەنگی دروست دەکات.
نزیکترین و کاریگەرترین وڵات لە ناوچەکەی ئێمە لەسەر ئەو بابەتە تورکیایە، کە تا ئێستا خاوەنی ٦٣٥ بەنداوی گەورە و ١٦٠٠ بەنداوی بچوکە، یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان لە بوونی زۆری ژمارەی بەنداوەکان، پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٢٣ ١٧٣٨ بەنداوی دیکە دروست بکات.
دروستکردنی بەنداو لە تورکیا لەسەر ڕێڕەوی ڕوبارەکانی دیجلە و فورات تەنها زیانی بە سوریا و عێراق نەگەیاندووە، بەڵکو بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە بی بی سی ئەنجامیداوە، زۆربەی ئەو شوێنانەی لە تورکیا بەنداویان تیا دروستکراوە، لە ناوچەی ئەنادۆڵە، کە بە شوێنی نیشتەجێی جوتیار و عەشایەرەکان دادەنرێت، کە بۆ بەڕێکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان و ئاژەڵەکانیان پشت دەبەستن بە ڕێڕەوی ڕوبارەکانی ناوچەکانیان.
بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو ناوچانە کە زۆرجار دژی دروستکردنی بەنداوەکان بوون، کۆمپانیای جێبەجێ کار ڕیشوەی داوە بە هەندێک خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵێن، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی تری لێکەوتووەتەوە و زۆرجار هۆزەکان لەسەر ئەوە بەشەڕهاتوون و خەڵکی تیا کوژراوە و دوژمنایەتی تیا دروستبووە.
لەوەتەی کورد بووەتە دەسەڵاتداری خۆی بە دەگمەن بەنداوێکی بێ کەموکوڕی دروستکردبێت، بەڵام کاتێک بڕیار لە دروستکردنی بەنداو دەدرێت لە شوێنێک و لەسەر ڕێڕەوی ڕوبارێک، دەبێت ئەم کێشانە لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەرنا بە بیانووی سودی ئێستاوە نەوەی داهاتوو تووشی کێشە و وێرانەیی دەکرێت.
ڕاستە کوردستان پێویستی بە بەنداو و گلدانەوەی ئاو هەیە، بەڵام دەبێت بابەتەکە بەوردی دیراسە بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت، تەنانەت جێی خۆیەتی کە ڕاپرسیشی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی وەک بەڵگەنامە بمێنێت کە خەڵک بەشداری پێکراوە لە بڕیاری دروستکردنی پرۆژەکەدا، بۆ ئەوەی بە دەردی بەنداوی بێخمە نەچێت، کە راستە دروستکردنی چەند ناوچەیەکی دەکرد بە ژێر ئاوەوە، بەڵام سودەکەی زیاتر دەبوو لە زیانەکانی.
وڵاتان بڕیار لەهەر پڕۆژەیەک بدەن، پسپۆڕان بانگهێشت دەکەن بۆ تاوتوێکردی جەدوای ئابوری پرۆژەکە، بۆ ئەوەی وڵاتەکە زۆرترین قازانج و کەمترین زیانی پێ بگات، چونکە دروستکردنی بەنداو وەک هیچ شتێکی تر نییە، هەر شکستێک تیایدا کارەساتی مادی و مرۆیی و ژینگەیی بەدواوەیە.
ئەگەر ویستان زانیاری زیاتری لەسەر بزانن، بەس لە گۆگڵ بگەڕێن چەندین توێژینەوەی دەوڵەمەندتان لەسەر دەستدەکەوێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button