چۆن دڵم ژان ناکات!

زۆر بەکەمی لە دەرەوە نان دەخۆم، ئەگەر بواری ماڵەوەم نەبێت هەمیشە حەز دەکەم لە خواردنگە و چێشتخانە شەعبییەکان نان بخۆم، ئەو شوێنانە جگە لەوەی هەست بە ژیان و دۆخی ڕاستەقینەی خەڵک دەکەیت، گوێبیستی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانەی ڕۆژانەش دەبیت کە خەڵک پێوەی گیرۆدەن.
لەم ڕۆژانە لەیەکێک لە چێشتانە شەعبیەکان نانم دەخوارد، لەڕیزی بەرامبەر تۆزێک بەلای دەستە راستم دوو کەس دانیشتبوون، یەکێکیان پۆشتە و پەرداخ یەکێکیشیان بە بە جلوبەرگەکەیدا دیار بوو کرێکار بوو هیلاکی ژیان بڕستی لێ بڕیبوو.
ئەو کەسەی لەگەڵیدا بوو، جا یان هاوڕێ و ناسیاوی بوو لەوێ بە یەک گەیشتبوون، یاخود کریکارەکە کاری بۆ ئەو کەسە دەکرد.
کرێکارەکە بە دەم نانخواردنەوە کەوتبووە قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسەی لەگەڵیدا بو، وەک خۆی وتی تەمەنی ٢٠ ساڵان بوو، دەستێک جلی قاوەیی تەپوتۆزاوی لەبەردا بوو، بەهۆی بێ مەجالییەوە لە چاککردنی، مووی سەر و ڕیش و سمێڵی تیکەڵاوو ببوون، عارەقی کارکردن ملوان و سەردەست و بن باڵی و ژیر نیتاقە رەشەکەی کەمەری سپی کردبوو.
ئەوەندەی کرێکاری کردبوو، ئێسکی ناوشانی لە جلەکانییەوە و دەمووچاوی لەژێر تاڵەکانی ڕیشییەوە دەرپۆقیبوون، نیتاقەکەی پشتی هێندە بچووکردبۆوە، ئاغزونەکەی بردبووە دوا کونی بۆ ئەوەی بە ناو قەدییەوە بوەستێت.
بە دەموو پارووگلاندنەوە ناوبەناو چاوی دەبڕییە برادەرەکەیی و باسی یەکێک لە دوا ئاواتەکانی خۆی دەکرد، کە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییە.
دەیگوت بڵێی کچێک هەبێت بەم ژیانەی من ڕازی بێت، بەر لەوەی برادەرەکەی دەم بکاتەوە و وەڵامی بداتەوە، خۆی وتی سوپاس بۆ خوا پارەی ژنم پێکەوە ناوە، برادەرەکەشی وتی خوا گەورە مادەم بیرکردنەوەت وایە پشت بەخوا کەسی شیاوت بە قسمەت دەبێت.
قسەکانی هەر لە دەووری ئەو باسە دەسوڕانەوە و وتی، برادەرم هەیە خاوەنی ژن و ماڵە و پارە لە خەڵک قەرز دەکات بۆ یاری پۆبجی (پەپجی) توخوا ئەوە پیاوە نازانم چۆن ژنی هێناوە؟
هێندە پر بوو لە نادادییەکانی ئەم دنیایە، برادەرەکەی هەر فریا دەکەوت بڵێ وایە.. راستدەکەین.. کورە خوا گەورە.. گوێی مەدەرێ، ئەم ئەو دەستەواژانەن کەڕۆژانە دەقمان پێوە گرتووە و بە هەندێکیان کەسانی خێر لەخۆ نەدیوی پێ هەڵدەخەڵەتێنرێت.
منیش دەڵێم برادەری کرێکار هاوڕاتم منیش کەموو زیادێک بەو قۆناغەی تۆدا تێپەڕ بووم، چاک دەزانم کەی دەخەویت و کەی لە خەو هەڵدەستیت، چاک دەزانم بە نیو سەعات لە مەوقیفی پاسەکان چاوەڕوانی دەکەیت و لەسەر کوردسیەکان تا ماڵەوە خەیاڵ دەتباتەوە بۆ دنیا بچووکەکەی خۆت.
ئەو نیتاقەی پشتت زۆر پیاوانە ترە لە هی ئەوانەی بۆ پۆز دەمانچەی چواردەخۆری ئێفیان پیا هەڵواسییوە، جلە عارەقەویەکانت هەزار ئەوەندەی ئەو جلانەیە بە قیمەتە لام، کە بەشێک لە کاربەدەستەکانی ئەم وڵاتە بۆ یەک جار زیاتر لەبەری ناکەن.
چۆن نازانم پەنجە باریکەکانت بەو بەهاری عومەرەوە لەژێر بلۆک و تاسە چیمەنتۆدا پێستەکەیان زامار بوون و قڵیشاون، ئێواران بە ئاستەم دەتوانیت پیاڵە چاکە بە دەستەوە بگریت.
تۆ ئەو کێشانەت نییە کە بۆچی رەقەمی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی گەیشتۆتە ٥٥٥هەزار و بەرەو سەرەوە.
دەزانم شەوان زۆرجار لە مەجلیسی ماڵەوە یان لە میوانی ئەگەر هەبێت وەنەوز دەتباتەوە، کاتێکیش سەردەخەیتە سەر پشتییەکەت، وا خەوت لێ دەکەوێت بەیاننیان مەگەر پەنجە و هەناسەی دایکت خەبەرت بکاتەوە و بڵێت هەستە کوڕم درەنگە.. درەنگ.. فریای ئەم ژیانە تاقەتپوڕکێنە ناکەویت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button