کۆدێتا لە هەرشوێنێک بێ خراپە

کۆدێتا لە هەرشوێنێک بێ خراپە، تونس یا سلێمانی یا ئەنقەرە و ریاز. بەڵام بۆ ئەوەی کۆدێتا بەسەر کۆدێتاچییەکان قڵپ بکەیتەوە، پێویستە لەڕوی جەماوەرییەوە وەک ئەردۆغان بەهێز بی، یان وەک ئەردۆغان لە خۆت را ببینی بە یەک ڤیدیۆی فێیستایم شەقام بجوڵێنیت. ئەمەش بەوە دەکرێت لە رابردودا ئەوەت نیشانی خەڵک دابێت، بە کردار، کە تۆ لە کۆدێتاچییەکان باشتری، بەتایبەتی لەڕوی پێشکەوتنی ئابورییەوە.
کۆدێتا جۆراوجۆرەکانی ساڵانی رابردو لەو ناوچەیەی ئێمەدا؛ سیسی لە میسر، محەمەد بن سەلمان لە سعودیە، گولەنییەکان لە تورکیا و دواترینیشیان قەیس سەعید لە تونس، تەنانەت ئەوەی قوباد و بافێڵیش بەسەر لاهوردا لە ئاستی بچوکتردا لە حیزب، هەمویان سەرکەوتو بون جگە لەوەی بەسەر ئەردۆغاندا کرا. جگە لە ئەردۆغان، کەسیان نەیانتوانی کۆدێتاکە بەسەر کۆدێتاچییەکان قڵپبکەنەوە و کۆدێتای پێچەوانە ئەنجامبدەن بە هۆی ناشارەزایییان لە دەستەڵاتدارێتی و میکانیزمەکانی چۆنییەتیی کارکردنی هێز، فەشەلیان لە کۆکردنەوەی جەماوەر و ئەزمونی خراپیان لە حوکمڕانیی.
ئیخوان گەورەترین رێکخراوی سیاسیی و دینیی ناوچەکە بو، خۆیشی کردە خاوەنی گەورەترین شۆڕشی خەڵک و گەنجان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، توانیشی رێبەرایەتیی بەهاری عەڕەبی بکات، بەڵام لە حوکمڕانییدا بێئەزمون و فاشیل بو. ئیخوان ناتوانێت رەخنە لە خۆی بگرێت کە بۆچی نەیتوانی ئەلتەرناتیڤێکی باشی حوکمڕانیی چاک پێشبخات، هەمیشە گلەیییەکە دەخاتە سەر شانی موئامەرەی نێودەوڵەتیی و ئەمریکا و ئەوروپا لە کاتێکدا خودی ئەمریکا پشتیوانیی بەهاری عەڕەبیی بو و ئیخوان فەشەلی پێ هێنا.
ئەردۆغان توانی بەسەر کۆدێتاچییەکان سەرکەوتو بێت چونکە لای کەم تا کاتی کۆدێتاکە، ئەردۆغان توانیبوی لەوانی پێش خۆی بۆ خەڵکی تورکیا باشتر بێت و حوکمڕانییەکەی لەڕوی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییشەوە پێشکەوتنێکی باشتر لەوانی خۆی بەدەستبێنێت، ئەوە لای تۆ و منیش وا نەبێت، لای کەم لای نیوەی خەڵکی تورکیا وا بوە. ئەردۆغان هیچ کاتێک هێندەی ئێستا رو لە لاوازیی نەبوە بە هۆی ئەوەی حوکمڕانییەکەی لەدوای کۆدێتاکەوە بۆتە حوکمڕانییەکی تاکڕەوانە و گەندەڵیی بەناو حیزب و حکومەت و خێزانیدا بڵاوبۆتەوە و لەڕوی ئابورییشەوە وڵات لە دۆخێکی قوڵی قەیران دایە. هەر بۆیەشە، ئێستا لەڕوی جەماوەرییەوە راپرسییەکان نیشانیدەدەن ئاستی جەماوەرییەکەی لە هەرکاتێک نزمترە.
ئەگەر ئەو کۆدێتایەی بەسەر ئەردۆغاندا کرا لە ٢٠١٦ لە ئێستادا بوایە، لەوانە بو وەک گەلی تونس و میسر و سعودیە تەنها خەڵکێکی کەم بە لایەوە گرنگ بوایە چی بەرانبەر سەرۆکێکی تاکڕەو دەکرێت کە هۆکاری فەشەلی سیاسیی و ئابوریی وڵاتەکەیەتی لە ئێستادا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button