پێڵاوێگرتن

نەوەی نوێ و دامەزرێنەرەکانیان، بە سەرۆک و ئەندام پارلەمانەکانیشیانەوە، سەرسامی دۆناڵد تڕامپ بون و هێشتاش هەر سەرسامی ئەون. هەر لە بنەڕەتەوە ئەو حیزبە کە دامەزرا، بەشێکی زۆری لەژێر کاریگەریی ئەو رەوتە پۆپیولیستەی تڕامپ بو. هەمو کردەکانی ئەو حیزبە لەلایەن سەرۆکەکەیەوە ئاراستەدەکرێ، ئەو خۆی دوا بڕیاردەرە و هەر خۆشی بڕیاردەدات تەنانەت ئەندام پارلەمانەکانیش چی بڵێن و چ کردە\ئاکتێک بکەن؛ بۆیە، تێگرتنی پێڵاو لە سەرۆکایەتیی پارلەمان رێک ئەوەیە کە حیزبەکە لە پێناویدا دروستکراوە.
کارێک بکە ئەوانیدی نەیکەن، کارێکی ئاسان بەڵام لای خەڵک بە پاڵەوانێتیی هەرە گەورە تەماشابکرێت. هەوڵبدە هەموان ئیحراج بکەیت بۆ ئەوەی بڵێی شتێکمان کردوە کەس نە جورئەتی دەکا، نە تواناشی هەیە.
ئەو رەوتە پۆپیولیستە لێدانێکی هەرە گەورەیە لە ئۆپۆزسیۆن. لە راستییدا هیچ کەس هێندەی یەکێتیی و پارتیی سود لەو رەوتە پۆپیولیستە نابینن کە لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا کاردەکات.
پێڵاوتێگرتن یا تێنەگرتن لای من کێشەیەک نییە، ئەوەی کێشەیە ئامانجەکانی پشت پێڵاوتێگرتنەکەیە؛ کاتێک ئامانج دەبێتە خۆنیشاندان و ئامرازێک بۆ گەوجاندن، ئەوە مەترسییە چونکە پڕۆژە و کارکردن و رێکخستن و لێگەڕینت لەبیردەباتەوە و ئەوەندە بەسە هەر جارناجارێک کردەیەکی لەو جۆرە بکەیت و خۆت فڕێدەیتەوە ناو هەمو ماڵێکەوە.
نەوەی نوێ ئەگەر، بۆ نمونە، رەوتی دیموکراتە پرۆگرێسیڤەکان و چەپ\سۆشیالیست دیموکراتەکان لە ئەمریکا کاری تێکردبوان نەک رەوتی رەگەزپەرستی پۆپیولیست و راستی دۆناڵد تڕامپ، لەبری خۆنیشاندان بە پێڵاوتێگرتن، پڕۆژە و پۆڵسی و دیبێیت و گفتوگۆی جدیی و کار و رێکخستنی خەڵک و کامپێین\هەڵمەت و کاری کۆڵێکتیڤ\هەرەوەزیی و بەکۆمەڵ و پێشخستنی فیکرێکیان دەکردە سەرمەشقیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button