خۆیان شوەیفاتیان هەیە

بیرم نییە قسەی کام ئابوریناسە، یەکێک لە ئابوریناسەکان دەڵێ بودجەی باشی هەر حکومەتێک بەوە دەپێورێ چی بۆ منداڵ و ژنان تەرخانکردوە. ئایا بودجەی وڵات چۆن دەیەوێت داهاتوی منداڵەکانمان دروستبکات و چۆنیش دەیەوێت ئێستا و داهاتوی ژنان باشتر بکا و لەو چەوساندنەوەیە دەربازیان بکات.
تەماشا بکەن، منداڵەکانی زۆربەی بەرپرسانی حکومەت و حیزب لە خودێندنگە ئەهلییەکان دەخوێنن. منداڵانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیی و قوباد تاڵەبانیی و ئەوانیدی، لە شوەیفات و کێیمبریج دەخوێنن. تەنانەت لە کاتی داخستن\لۆکداونیش منداڵەکانیان بێ خوێندن نەبون. چ لەڕێی ئۆنلاین و چ دواتریش کە لۆکداونەکە هەڵگیرا.
کەچی ئەو بەرپرسانەی حکومەت، بۆ نمونە مەسرور و قوباد، هیچیان بە خەیاڵیاندا نایەت کە چۆن دەبێت منداڵەکانی خۆیان لە خوێندنگە ئەهلییەکان بخوێنن و منداڵی خەڵکیش تەنانەت لەو خوێندنگا گشتییانەش شوێنیان نەبێ کە وێرانترینن لە ناوچەکەدا.
کۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا دۆخی ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی فراوانتر دەکات. چینی باڵادەستی سیاسیی و دەوڵەمەند منداڵەکانیان بەردەوامدەبن لە خوێندن جا چ ئۆنلاین چ بە ئامادەبون. واتا جیاوازییەکە فراوانتر دەبێ، خوێندن و مەعریفە چەکی داهاتوە. ئەو دۆخە لەوانەیە بەردەوامیی هەبێت بەتایبەت کە عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا نەیانتوانیوە ڤاکسین بەدەستبێنن. ئەگەر کۆرۆنا ڤاریەنتی نوێی بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستی بە داخستنێکی تر دەبێت. واتا دۆخی خوێندنگا و زانکۆکان وا بەخراپیی دەمێنێتەوە.
لەڕوی مۆراڵییەوە، ئەو سیاسییانە نوقستانییەکی گەورەیان هەیە کە پێیانوایە ئاسایییە ئەو جیاوازییە چینایەتییە گەورەیە رۆژ-دوای-رۆژ لە گەورەبون دابێت و هەوڵدەدەن زیاتر سیستەمی پەروەردە و تەندروستیی بدرێتە کەرتی تایبەت.
پەروەردە و فێرکردن و زانکۆکان و تەندروستیی دەبێت ببنە سەنتەری گفتوگۆ. ئەندام پارلەمانەکان و خەڵکی دڵسۆز دەبێت دەنگهەڵبڕن. میدیا دەبێ جدیی بێ و واز لەوە بێنێت لاهور تاڵەبانی و مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە یا نا، ئەوان ئێمە بەو شتە پوچانەوە مەژغوڵ دەکەن و کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبەن. داهاتوی نەوەکانمان لە هەمو شتێک گرنگترە. ئەوان شوەیفات و کێیمبریجیان هەیە، باکیان بە منداڵەکانی سەدا نەوەد و پێنجی گەل نییە. ئەوان لە دونیایەکی تر دەژین و خەڵک لە دونیایەکی تر. ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button