تەنها گۆڕان وەک خۆی دەمینێتەوە

تەنها گۆڕان وەک خۆی دەمینێتەوە، هەمو شتێک دەگۆڕێت، تەنها گۆڕان هەمیشەیییە.
هیچ کاتێک رەوشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی کوردستان، هێندە لەرزۆک و ناجێگیر و مەترسیدار نەبوە دوای داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣، بەڵام هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا کاراکتەر و دەزگا سیاسیی و میدیایی و رۆشنبیریی و دینیی و کۆمەڵایەتییەکانیش روی راستەقینەی خۆیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرانەکردوە. من لەوەدا ئاسۆیەکی رون و هیوایەکی گەورە دەبینم، لە راستیدا تەنها شتە دڵم پێی خۆشە کە هەمو ماسکەکان کەوتون؛ ماسکەکانی سیاسەت، دین، ئابوری، رۆشنبیریی، میدیایی، تەنانەت هی هاوڕێیەتیی، هی ژن و مێرد، هی خێزان، هی دراوسێیەتییش، هتد…
هیچ کاتێکی هێندەی ئێستا گەل بێمتمانە نەبوە بەرانبەر کاراکتەر و دەزگاکان، ئەو بێمتمانەیییە چەندە مەترسیدارە، هێندەش جێی هیوایە، واتا، ئەگەری ئەوەی لە داهاتودا -نزیک یا دور نازانرێ کەس ناتوانێت پێشبینیی داهاتو بکات- کە خەڵک خۆی خاوەندارێتیی لە خۆی بکات و بەدیلێک پێشبخات، لە ئاسۆدایە.
ئەوەی زۆر گرنگە خەڵک خۆی بە شتە گەورەکانەوە مەژغوڵ بکا، نەک بە شتە بچوکەکانەوە. بۆ نمونە، پارلەمان ناچاربکەین شەڕی خوێندن و پەروەردە و تەندروستیی و کار و مافی کرێکاران و سەعاتی کار بکەن، حکومەت ناچاربکەین باسی دیموکراسیی و دەرفەتی یەکسان و کار و پڕۆژەی وزەی خاوێن و تەکنەلۆژیای نوێ و پێشخستنی زانست بکرێت، نەک گوێ لەو گفتوگۆ بێتامانەیان بگرین کە هەردوکیان بە یەکتر دەڵێن دز، ئێمە تەنها دەتوانین بڵێین بەڵێ هەردوکتان راستدەکەن و هەردولاتان دزن.
نەوەیەکی نوێ بەڕێوەیە هەرگیز قبوڵناکات ئارینی مەسرور بارزانی، هەرزەکارێکی وا سبەی وەک چۆن مەسرور هاتە جێی باوکی، ئەویش بێتە جێی باوکی. بەڵام بۆ ئەوە کارکردن پێویستە، ئاوڕدانەوە لەو گەنجانە پێویستە کە زۆرینەی کوردستان پێکدەهێنن و بێکار و بێهیوا و بێخەونن.
ئەو کۆمەڵگایە لە قۆناغی گواستنەوەدایە، تەنانەت ئەگەر مەسرور بارزانی بشتوانێت ئەو حوکمە تاکڕەوییە دڵڕەقانەی خۆی بچەسپێنێت، ئەوا ناتوانێت بەردەوامیی پێبدات. داواکان و خواستەکانی گەل زۆر لە توانای مەسرور و پارتی و یەکێتیی گەورەترن. ئەوان ناتوانن لە ئاست داوا و خواستەکانی خەڵک بن، نە لەڕوی سیاسییەوە، نە لەڕوی ئابوریی و ئەخلاقیی و فیکرییەوە دەتوانن وەڵامدەرەوەی خواستەکان بن. ئەو رەشبینیی و تاریکایییەی هەیە، سەرەڕای زەحمەتیی رۆژگارەکە، بەڵام لەناویشیدا هیوایەکی گەورە هەیە.
لەوانەیە هەمو شتەکان بوەستن و بچەقن، بەڵام گۆڕان هەمیشەیییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button