سەرۆکی هەرێم به‌قه‌زاكردنی خورماڵ واژۆ ده‌كات
لڤین
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ به‌قه‌زاكردنی خورماڵ واژۆ كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی پاڵپشت به یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو و له‌به‌ر ڕۆشناییی داواكاریی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه، بڕیاریدا به هێنانه‌كایه‌ی قه‌زای خورماڵ له سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به هه‌مان سنوری ئێستای ناحیه‌ی خورماڵ.
ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له ئه‌مڕۆوه جێبه‌جێده‌كرێت و هه‌مو ڕێكاره ئیدارییه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستپێده‌كه‌ن، به‌قه‌زاكردنی خورماڵ ده‌بێته هۆی باشتربونی ڕه‌وشی ناوچه‌كه له‌ڕوی خزمه‌تگوزاری و كارگێڕییه‌وه و خزمه‌تی زیاتر به خه‌ڵك و هاوڵاتییانی ده‌كات.
رۆژی 22ی (شوبات/2)ی 2024 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بڕیاریدا به قه‌زاكردنی ناحیه‌ی خورماڵ.
خورماڵ سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه، لە باکورەوە ھاوسنورە لەگەڵ ناحیەی ناڵپارێز لە باشورەوە لەگەڵ ناحیەی سیروان و لەڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ناحیەی بیارە و لەڕۆژئاواوە لەگەڵ قەزای سەیدسادق و لە 46 گوند پێكهاتوه.