هۆکارەکانی هەرەسی سوپای ئەفغانستان لە عێراق و هەرێم بوونی هەیە؟

دوای ٢٠ ساڵ راهێنان لەسەر دەستی سوپای ئەمریکا و خەرجکردنی زیاتر لە ٨٨ ملیار دۆلار و پۆشتەکردنی سوپای ئەفغانستان هەرەسهێنانی لە چەند هەفتەیەکدا بووەتە باسوخوازی زۆربەی میدیا و پسپۆڕانی سەربازی، بە تایبەت کە لە ئێستادا تالیبان گەیشتووەتە دەروازەکانی کابولی پایتەخت.
چۆن دەبێت سوپایەک بەهێزترین سوپای جیهان ڕاهێنانی پێ کردبێت و پۆشتە و پەرداخی کردبێت، بەو خێراییە هەرەس بهێنێت؟.
ئێستا قسەکە لەسەر ئەوەیە هۆکاری ئەو هەرەسهێنان و خۆبەدەستەوەدانە چییە، بڕیاری کشانەوەی ئەمریکایە، یان خودی لێپرسراوە ئەفغانییەکانە؟ بە تایبەت سوپای ئەفغانستان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی ٧٥ هەمیندایە.
سوپاکە بە ناو سوپا بووە، بەڵام لە ناوەوە وێران و بێسەروبەر بووە، پسپۆڕانی بواری سەربازی وسیاسی گرنگترین هۆکارەکانی هەرەسی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان دەگێڕێنەوە بۆ:
*سوپای ئەفغانستان لەسەر وەرەقە ٣٠٠ هەزار سەرباز بووە، بەڵام خۆرئاواییەکان دەڵێن تەنها ٦٠ هەزاری حەقیقییە و هەموو بە بندیوار پارەکەی لەلایەن بەرپرسانەوە خوراوە.
*سەرکردایەتی سوپای و هێزە ئەمنییەکان لەدەستی کەسانی شارەزا و پسپۆڕدا نەبووە، بەتایبەت لەسەر ئاستی شارەزایی و زانستنی سەربازی و لێوەشاوەیی سەرکردایەتی و ئیدارەدانی سوپا.
*بوونی گەندەڵی لە ناو سوپای ئەفغانستان کە ببووە خۆرە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وێران و هەلا هەلای دەکرد.
*سوپا و هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕ و مەعناوێتێکی راستەقینە بنیات نەنرابوو، بە واتای کەس وەلائی راستەقینەی بۆ سوپا نەبووە جگە لە موچە و دەستکەوتی مادی نەبێت، بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە رۆژان بیر لە خۆبەدەستەوەدان و هەڵاتن نەکاتەوە.
*کۆمەک و هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا هەرچەندە هاوکاری راستەقینە بوون، بەڵام لەسەر شێواز و پەیڕەوی ئەمریکا و خۆرئاوایی بووە نەک ئەفغانی، بە هیچ شێوەیە مێژووی سوپای ئەفغانستان و سروشتی ئەندامەکانی لەبەرچاو نەگیراوە.
*کشانەوەی بە پەلەی سوپای ئەمریکا و جێهێشتنی خێرای ئەفغانستان و لە کاتێکدا سوپای ئەفغانستان خۆی بۆ پێشهاتی وا ئامادە نەکردبوو، لە کاتێکدا ئەو کشانەوەیە هەر دەبوایە ڕووبدات.
*حکومەتی کابول پلان و ئامادەکاری نەبووە بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و لێدوانەکان لەسەر توانای سوپا و هێزە ئەمنییەکان تەنها قسەی بۆش و بێ کردار بووە و هیچی تر.
*پشتێن لێکردنەوە و پشتبەستی ڕەها بە سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان(پارە و چەک و خۆراک) بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو خەرجنەکراوە، بەشێکی زۆری چووەتە بەر دەستی فەرماندە باڵاکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان و بە گەندەڵی خواردوویانە و فرۆشتوویانەتەوە.
*پانتایی ئەفغانستان ٦٥٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بۆیە ئەو سوپا و هێزە ئەمنییەی کە هەیەتی، دەبێت هەر هەزار کیلۆمەتر بدرێتە دەستی ٢٨٦ کەس، کە ناتوانرێت وەک پێویست بپارێزرێت، ئەوەش وایکردووە تالیبان هێرشی کتوپڕ بکات.
گرنگترین هۆکاری هەرەسهێنانی سوپای ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کاتێک تالیبان هێرشەکانی دەستپێکردووە، لەناو ریزەکانی سوپای ئەفغانستاندا ئەو بۆچوونە بڵاوببۆوە، حکومەتە گەندەڵەکەی ئەشرەف غەنی ئەوە نییە خۆتی بۆ بەکوشتن بدەیت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button