ئاڵا تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجە ئاشکرا کرد

ئاڵا تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ئاشکراکرد و ڕایگەیاند کە دەنگ بە پرۆژە یاسایەك دەدەن كە دادپەروەری و یەكسانی تێدا بێت.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تویتێكیدا هەڵوێستی فراكسیۆنەكەی سەبارەت بە دەنگدان بەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق ئاشكراكرد.

لە تویتەکەیدا ئاڵا تاڵەبانی، ئاشکرایکردووە کە “پشتیوانی لەپرۆژە یاسایەكی بودجەی عێراق دەكەین كە دادپەروەری و یەكسانی تێدا بێت بۆ هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی، هەروەها چاو بخشێنێتەوە بەدابەشكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی دەوڵەت بەپێی دەستوور، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی داواشیكردووە پەلەبكرێت لە دەرچوانی یاسای نەوت و گاز و  كە لە ساڵی 2007وە كاركردن بەو یاسایە راگیراوە”.

لە ئێستادا پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لە بەردەستی لیژنەی دارایییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هێشتاش هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەسەر ناوەرۆکەکەی ڕێکنەکەوتوون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ببرێتەوە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button