سۆرانی مامە حەمە شەهیدە قەڵەم زیندووەکە

لڤین:
13 ساڵ بەر لە ئێستا و لەشاری كەركوك ڕۆژنامەنووسی بوێر و گەنج سۆرانی مامە حەمە، بەدەستی چەکدارانی نەناسراوی دەسەڵات شەهیدكرا، بەڵام تائێستا تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بەنادیاری ماونەتەوە و سزا نەدراون، سۆرانی مامە حەمە لەدوای شەهیدکردنی بەهۆی بوێریی و زیندویتی قەڵەمەکەیەوە نازناوی “شەهیدی قەڵەم”ی پێبەخشرا.
سۆران محەمەد عەزیز محێدین، ناسراو به سۆران مامه حه‌مه، له 3/3/1986 لە گەڕەكی (شۆریجە) لەدایكبووە، لەساڵی 2003 وە دەستی بە كاری رۆژنامەگەری کردووە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین بوو ماوەی چەند ساڵیک لەو گۆڤارە كاری کرد و بەردەوام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی بڵاوکردوەتەوە تا ئەو کاتەی لە شەوی 21ی تەمموزی 2008 و لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەگی شۆڕجەی شاری كەركوك لە لایەن چەند چەکدارێکەوە تیرۆركرا و پاشان لە چەمچەماڵ بەخاکسپێردرا، تا ئێستاش بكوژانی هاوشێوەی بكوژانی تری شەهیدانی قەڵەم بە نادیاری ماوەتەوە.
تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە لەدوای ئەوەدێت کە چەند مانگێك بەر لە شەهیدكردنی، سۆران هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو، تیرۆرکردنەکەشی پەیوەندی بەو کارە ڕۆژنامەوانیانەوە هەبوو کە دەیکردن و تیرۆرکردنیشی ناڕەزایی زۆری لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لیکەوتەوە.
کورتەیەک لە ژیاننامەی ڕۆژنامەنووس سۆران مامەحەمە
سۆران محەمەد عەزیز محێدین، ناسراو به سۆرانی مامه حه‌مه، له 3/3/1986 لە گەڕەكی (لەتیفئاوا/شۆریجە)لەدایكبووە، به‌ڵام خۆی سەبارەت بە رۆژی لەدایكبوونی دەڵێت: “بەرواری تەمەنەكەم لەسەر پێناسەكەم پێدەچێت دروست نەبێت، چونكە دەگێڕنەوە ئەوڕۆژەی منی تێدا لەدایكبووم، هاوكات ساڵڕۆژی لە دایكبوونی سەدام حسێن بووه”، به‌و پێیه‌ی ئه‌و كات له میدیاكانه‌وه به رۆژی له دایكبوونی “سه‌رۆك” وه‌ك بۆنه‌یه‌كی گه‌وره پیشان ده‌درا.
سۆران لەبنه‌ماڵه‌ی (جەباری)یه و خەڵكی گوندی (مۆردانە)ی ناوچەی جەباری سەر بە قادركەرەمە، خێزانەكەی لەساڵی 1984دا بەهۆی راوەدوونانی رژێمی بەعسەوە لەگوندی مۆردانەوە روویان كردووه‌تە شاری كەركوك.
سۆران دەڵێت: ئێمە دوو بنە بووین، واتە ماڵێكمان لە شاربووە و ماڵێكیشمان لە گوند (مۆردانە)، من لە ماڵێكی تەنگەبەرو رووخا‌و و بێتامی گەڕەكێك بەناوی (لەتیفئاوا) لەدایكبووم، كە بەشێكە لە گەڕەكی شۆریجە، خانووەكەمان زۆر كۆن و بچووك دەهاتە پێش چاو، بەهۆی بچووكی ئەو شوێنە و بەرزی دیوارەكانییەوە هەمیشە لەو ماڵەدا هەستم بە تارماییەك دەكرد! ئێستاش كە دەچمە ئەوماڵە، هەمان هەستم بۆ درووست دەبێت.
سۆران له كۆڕه‌وه گه‌وره‌كه‌ی 1991دا، خێزانه‌كه‌یان ئاوا‌ره‌ی سلێمانی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین خێزانی كه‌ركوكی دیكه له ناو سه‌ربازگه‌ی (حامییه) نیشته‌جێ ده‌بن، ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی رۆژانێك شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌دان و كاره قێزه‌وه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی رووخاوی پێشووی عێراق بوو، دواتر بوو به شوێنی مانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و له ئێستاشدا یه‌كێكه له سیما جوانه‌كانی سلێمانی و پاركی ئازادی له‌سه‌ر بونیاد نراوه.
له باسی نه‌هامه‌تی خێزانه‌كه‌یاندا سۆران، ده‌ڵێت: “ژیانی ئێمه پێش لە دایكبوونی منیش، كەشێكی نا ئارام و پڕ لە تراژیدیای هەبووە، بەهۆی ئەوەی خانەوادەكەمان لە شۆڕشەكانی كورددا بەشدار بوون، بەردەوام تووشی شەڕ و گرتن و كوشتن بوونه‌ته‌وه، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر ئه‌وه خێزانه‌كه‌مان راهاتووه له هه‌ر شوێنێك بن سه‌ربه‌رز بژین، منیش په‌روه‌رده‌ی ناو ئه‌و خێزانه‌م، لەم سەردەمەشدا ئەوەی بییەوێت بە سەربەرزی بژی، باوەڕناكەم ژیانێكی خۆشی هەبێت”.
سۆران، منداڵێكی خوێن‌شیرین و جوان بووه، هه‌میشه له لای ده‌رودراوسێ نازی دراوه‌تێ و یارییان له‌گه‌ڵدا كردووه، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه رووبه‌ڕووی (مه‌كه، ئاقڵبه، بۆ خۆت ببه به پیاو، چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی تر) بووه‌ته‌وه، بۆیه له‌سه‌ره‌تاوه كه‌سایه‌تییه‌كی كه‌مدوو و دابڕاوی لێ دروستبووه و ده‌وترێت به‌و منداڵییه وه‌ك پیاوی گه‌وره مامه‌ڵه‌ی كردووه.
له به‌رئه‌نجامی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوه و دۆخی خێزانه‌كه‌یان، سۆران ده‌ڵێت: “لەناو كۆمەڵێكدام كە كۆمەڵێكی خەمۆكە، لەناو بنەماڵەیەكدا درووستبووم، لەناو ئازاردا گەورە بووم، ئه‌وانه‌ی ده‌ینووسم و ئەوانەشی دەیخوێنمەوە، دەچمە هەر شوێنێكیش هەر ئازار و خەم و خەفەتە”.
له سلێمانی ده‌چێته به‌ر خوێندن و قۆناغی سه‌ره‌تایی له خوێندنگه‌ی (حه‌مدی تێكه‌ڵاو) ته‌واو ده‌كات و دواتر بۆ ناوه‌ندی سه‌ره‌تا ده‌چێته ناوه‌ندی وه‌ته‌نی كوڕان و دواتر ناوه‌ندی شۆڕشی كوڕان و ناوه‌ندی به‌كره‌جۆی كوڕان، دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، به خێزانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه شاری كه‌ركوك و له ناوه‌ندی (سه‌ركارێز) درێژه به خوێندن ده‌دات، هه‌ر له شاری كه‌ركوك ده‌چێته په‌یمانگای هونەرە جوانەكان بەشی (بیستن و بینین)، تا ئەو ساتەی شەهید بوو خوێندكاری ئەو پەیمانگایە بوو.
شه‌هید سۆران، هاوشانی خوێندن هه‌ر له منداڵییه‌وه سه‌رقاڵی كار و كه‌سابه‌ت بووه، سه‌ره‌تا به ده‌ستگێڕی و دواتر له مه‌زادخانه‌ی سلێمانی هاوكاری باوك و براكانی بووه، له دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆ كه‌ركوك، له بازاڕی شۆڕیجه په‌ڕاوگه‌یه‌كی داناوه و كاری تیادا كردووه. سۆران جیاواز له ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌كه‌ی نه‌بووه، هاوكات پێی له كار و كه‌سابه‌ت نه‌بڕیووه، خولیای خوێندنه‌وه و نووسین بووه، له‌و كتێبخانه خنجیلانه‌یه‌ی بونیادی نابوو، كتێبه‌كانی (رۆمان، شیعر، چیرۆك، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئاینی ..هتد) ده‌بینرێت.
نووسین
ئه‌زموونی نووسین لای سۆرانی مامه حه‌مه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1999، به‌ڵام چوار ساڵ دواتر نووسینه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، یه‌كه‌مین كاری له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له به‌رواری 23/8/2003دا به ناوی ته‌نیا جه‌باری بڵاوده‌بێته‌وه، به ناونیشانی (خولی پیشەیی رێخراویUNOPS)، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا باوكی وه‌فات ده‌كات و له گۆڕستانی (شێخ سه‌عید) له چه‌مچه‌ماڵ به خاك ده‌سپێردرێت، كاتێك ده‌بینێت گۆڕستانه‌كه هیچ سیاجێكی نییه و ئاژه‌ڵ به ناو گۆڕه‌كاندا ده‌سوڕێنه‌وه، یه‌كه‌مین وتاری ده‌نووسێت به ناونیشانی (پەرژینكردنی گۆڕستانی شێخ سەعیدی خێرخوازان)و رووی ده‌می له به‌رپرسانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات، تاكو په‌رژین بۆ گۆڕستانه‌كه دروست بكه‌ن.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك، به خۆبه‌خش وەكو پەیامنێر كاربۆڕۆژنامەی (كەركوكی ئەمڕۆ) دەكات، كە زمانحاڵی كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی پارێزگای كەركوك بوو، هاوكات لە تەلەفزیۆنی (العراقیە)پەخشی كەركوك وەك پەیامنێر كاردەكات، له هه‌مان كاتدا په‌یامنێری كه‌ركوكی هەفتە نامەی (كوردش گڵۆپ) بووە، كە لە هەولێر بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەكرایەوە.
له 1/3/2006 له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت، ده‌بێت به په‌یامنێری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له كه‌ركوك، دواتر ده‌بێته به به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی رۆژنامه‌كه.
لە ژمارە 11 تاكو ژماره 21 له رۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێكی هەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت). هه‌روه‌ها بەرپرسی راگەیاندنی (ناوەندی چاك) بووە لە كەركوك. ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لە شاری كەركوك.
هه‌ر له ساڵی 2006دا له رێگه‌ی هاوڕێیه‌كییه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گۆڤاری لڤین دروست ده‌كات و له هه‌مان ساڵدا یه‌كه‌مین دیداری رۆژنامه‌وانی بۆ گۆڤاری لڤین له‌گه‌ڵ (نووری تاڵه‌بانی) سه‌باره‌ت به بارودۆخی په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌دات و له ژماره (37) ئه‌و گۆڤاره‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه، له ژماره 42 گۆڤاره‌كه‌وه به فه‌ڕمی ده‌بێت به به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین، تا ساتی شه‌هیدبوونی به‌رده‌وام ده‌بێت و دوا كاری له گۆڤاری لڤیندا لە ژمارە (69 حوزەیرانی 2008) بڵاو بووەتەوە بەناوی (سۆزانییەكان كەركوك داگیر دەكەن). هاوكات له ڕۆژنامه‌كانی (رۆژنامه، ئاسۆ، هه‌واڵ، چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ و .. هتد) گۆڤاری (بانه‌ڕۆژ) و سایته‌كانی (ماڵێك له ئاسمان، ده‌نگه‌كان، كوردستانپۆست، ئارامی و .. هتد،) نووسینی بڵاوكردۆته‌وه.
شانۆ
شانۆ، یه‌كێكی تر بووه، له خولیاكانی شه‌هید سۆران، ساڵی 2005 له كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به تیپی شانۆیی (هه‌نگاوی نوێ)ه‌وه ده‌كات و هه‌مان ساڵ به بۆنه‌ی یادی 17 ساڵه‌ی كاره‌ساتی (ئه‌نفال)ه‌وه شانۆی (دێین و ده‌چین) له زانكۆی سلێمانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ رێكخراوی هاموون، له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆ یادی كاره‌ساتی كیمیاباران شانۆگه‌رییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و حیوارانه‌ی كه خۆی زۆر لای خۆشه‌ویست بووه، له‌و شانۆییه‌دا ئه‌م حیواره‌ی خواره‌وه‌یه: (ئەها!! ئەوە سەرپۆشەكەی سەری دایكمە كە چەندین جار منی پێ داپۆشیوە.. ئەها.. ئەوە بێڵەكەی دەستی باوكمە، كە چەندین جار ئەم خاكەی پێ كێڵاوە.. بەڵێ… ئەوە كراسەكەی بەری كاكمە،ئەها چۆن زەرد هەڵگەڕاوە! رەنگی ماتەمی پۆشیوە.. ئاخ هەڵه‌بجەكەم..ئاخ.. ئاخ ..
جگه له ڕۆژنامه‌گه‌ری و شیعر و شانۆ، ئاره‌زووی زۆری بۆ وه‌رزش هه‌بووه و له ساڵی 2000 ه‌وه له خوله میلییه‌كاندا به‌شداری یاری تۆپی پێی كردووه و بۆ تیپه‌كانی (دواڕۆژ لە بەكرەجۆ، ئەستێرەی ئازادی، قەڵای كەركوك) یاری كردووه، لێ له ساڵی 2003دا به‌هۆی ناوبژیوانی كردنی دووكه‌سه‌وه كه سۆران نایه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌یان ته‌شه‌نه بسێنێت، ده‌كه‌وێته نێوانیانه‌وه، به‌ڵام كێشه‌كه گه‌وره ئه‌بێت و ته‌قه‌ی تێده‌كه‌وێت، له‌و نێوه‌نده‌شدا چه‌ند گوله‌یه‌ك به‌ر قاچ و ڕانی سۆران ده‌كه‌وێت و بە سەختی بریندار دەبێت، چەند نەشتەرگەرییەكی لە سلێمانی و بەغداد بۆ ئەنجام دەدرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر جێگە دەبێت، پاشان هەوڵی دووبارە گەڕاندنەوە بۆیاری كردن دەدات، بەڵام بەهۆی ئەو قاچ شكانەیەوە توانای یاریكردنی نابێت و بە ناچاری واز لەیاریكردن دەهێنێت.
ئه‌م ڕووداوه به‌سه‌ر سۆرانێكدا هات، كه هه‌میشه بێده‌نگ و له‌سه‌رخۆ و ئارام بوو، هه‌میشه حه‌زی له ئارامی كردووه، ئه‌وه‌ی له دووره دیبێتی وای زانییوه بێده‌نگێكه‌ی خۆبه‌زلزانینه، كاتێ له نزیكه‌وه ناسیبێتی و له كه‌سایه‌تییه راسته‌قینه‌كه‌ی سۆران تێگه‌یشتووه، زیاتر حه‌زی به تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه به‌تواناكاندا ده‌كرد، تاكو سود له ئه‌زموون و تواناكه‌یان ببینێت، زۆربه‌ی كات گوێگر و گێڕایه‌ڵ بوو، هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ چوارده‌وره‌كه‌یدا به‌پێی ته‌مه‌نی به‌رانبه‌ركه‌ی ده‌گونجان، خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری بۆ منداڵان هه‌بوو، تاقه‌تێكی باشی یاریكردنی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو، دیاری و گۆڤار و نامیلكەی منداڵانی ده‌دانێ و خۆشیانده‌ویست. خه‌ونی بینین و سه‌فه‌ری وڵاتانی زۆر زۆر بووه و مه‌خابن ته‌نها فریا كه‌وت سه‌فه‌رێكی ئێران بكات و به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌هید بوو.