CPT: دەستگیركراوێکی بادینان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە

لڤین:

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ئاشکرایکرد سەرباری ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ زیندانیانی بادینان، یەکێک لەزیندانیەکان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە بۆ داننان بەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، لەسەر پرۆسەی دانیشتنی دادگایكردنی چوار لەدەستگیركراوانی بادینان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە لەسەرەتای ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: “لەدوای نزیکەی یەک ساڵ لەدەستگیرکردنیان ئەمڕۆ لەدادگای باڵای تاوانەکانی ھەولێر، بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕیی‌و پلانڕێژی بۆ کاری تێکدەرانە، پڕۆسەی دادگاییکردنی ھەریەک لە مەسعود عەلی، شێروان تەھا، کارگەر عەباس‌ و بەندەوار ئەیوب بەڕێوەچوو”.

هەر لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەمڕۆ ئەندامانی تیمی کوردستانی عێراقی CPT چاودێریی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو زیندانیانەیان کرد و تێبینیان کرد کە زیندانیان تۆمەتبارکراون بە “پلانڕێژی بۆ تیرۆرکردنی پارێزگاری پێشووی دھۆک‌و ھەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی کوڕی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئارین بارزانی، ھەروەھا، وەرگرتنی ھاوکاری لۆجیستی لەکۆنسۆڵخانەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیاو فەڕەنسا، ھەوڵدان بۆ دروستکردنی گروپێکی سیاسی‌و چەکداری بە ناوی “حرکه‌ المستقبل”، ئەندامبوون لەحزبی سیاسی پێشووی بەرھەم ساڵح، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری”.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، سەرباری ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەو زیندانیانە، یەکێک لەزیندانیەکان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە بۆ داننان بەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە، جگەلەوەش ھیچ بەڵگەیەک پێشکەشنەکرا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی دەستگیركراوان كراونەتەوە.

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا تیمی کوردستانی عێراقی CPT نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەچارەنوسی زیندانیانی بادینان‌و جەختدەكاتەوە، نابێت دیدارو کۆبونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی نێودەوڵەتی وەک تاوان ھەژماربکرێت‌و نابێت پیادەکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین بەتاوان دابندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button