شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لەبارەی موشەک بارانکردنی ناوچەی سەوز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەبارەی موشەک بارانکردنەکەی شەوی ڕابردووی ناوچەی سەوزی بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

شانەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گروپێکی دەرچوو لە یاسا هەستان بە ئامانجگرتنی ناوچەی سەوز بە سێ موشەکی جۆری کاتیۆشا، کە یەکێک لە موشەکەکان لەنزیک بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی و دووەمیان لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان و سێهەمیشیان لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون، کەوتوونەتە خوارەوە.

لە راگەیەندراوەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەوەشخراوەتەڕوو کە لایەنە ئەمنییەکانی عێراق بەهێزەوە رووبەرووی ئەم جۆرە هێرشانە دەبنەوە و بکەرانی ڕووبەرووی یاسا دەکرێنەوە.

لە راگەیەندراوێکەدا ڕوونیشیکردوەتەوە کە هێرشەکە کاتژمێر دووی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بووە و جگە لە زیانی ماددی بەر باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک، هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی هێرشەکەوە نەکەوتووەتەوە.

هەر لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر ناوچەی سەوز، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە “ئاگادری هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوزین، نیگەرانی کردووین و تائێستاش هیچ وردەکارییەکی هێرشەکەمان لەبەردەست نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button