ئاسایشی هەولێر ڕێگە بە کردنەوەی نوسینگەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕوناهی نادات

لڤین:

بەڕێوەبەریی تەلەفیزیۆنی ڕۆناهی تی ڤی، ڕایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا ماوەی چەند مانگێکە داواکاریی فەرمیمان پێشکەشکردوە، بەڵام ئاسایش ڕێگا نادات لە هەولێر نوسینگەی کەناڵەکە بکەینەوە.

بەڕێوەبەریی تەلەفیزیۆنی ڕۆناهی تی ڤی، لەسەر ڕێگریی ئاسایشی هەولێر، لە کردنەوەی نوسینگەی تەلەفزیۆنەکەیان لە باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە “لە دەستپێکی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ـەوە، ڕۆناهی تی ڤی لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی سەرەکییەوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کە ناوەندی سەرەکیی لەوێیە، داخوازنامەیەکی فەرمیی و بەپیێ پرەنسیپ و یاساکانی ڕۆژنامەنووسی، ناردووە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تێدا داوا کراوە تا نوسینگەی ڕۆناهی تی ڤی لە هەولێری پایتەختی باشوری کوردستان بکرێتەوە و بتوانێت بە ئاسانی بەپێی یاسا و پرەنسیپەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی، کاری خۆی بکات”

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە سەرەڕای ئەوە، بەڵام “بەداخەوە لەژێر بیانوی ئەوەی کە کۆمیتەی پەیوەندیدار بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کۆنەبووەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، داخوازنامەکەیان لای خۆیان ڕاگرتووە و ئەرێکردنی ئاسایشی نەداونەتێ و تا کاتی نووسینی ئەم ڕاگەیاندراوە، داخوازنامەکەمان وەڵام نەدراوەتەوە و مۆڵەتمان بۆ بەڕێوەبردنی کارە ڕۆژنامەنووسییەکانمان لە باشوری کوردستان بەدەست نەهێناوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق ئەرێی لەسەر کردووە”.

بەڕێوەبەریی تەلەفیزیۆنی ڕۆناهی تی ڤی، ئاشکراشیکردووە کە “ئەو هەڵوێستەی ئاسایش وا دەبینین کە پاساوی ئاسایشی باشوری کوردستان لەبارەی پێکنەهاتنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی پەیوەندیدار، بیانوە تا کاری تەلەفەزیۆنەکەمان لەسەر خاکی باشوری کوردستان قەدەغە بکەن و نەتوانێت کاری ڕۆژنامەنووسیی بەڕێوەببات، هاوکات ئەم هەڵویستە بە هەڵویستێکی بەجێی نابینین و لە چوارچێوەی پێشلکردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و فشار خستنەسەر دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەیبینین”.

لەکۆتایشدا ڕۆناهی تی ڤی، “داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەم هەڵویستە بگۆڕن و داخوازینامەکەمان ئەرێ بکەن تا ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم مسۆگەر ببێت، پێویستە ئەمەش بڵێین کە تەلەفەزیۆنەکەمان لە زۆرێک لە پەیتەختە ئەوروپیی و عەرەبییەکان لە ڕێگەی نوسینگە و پەیامنێرانییەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات، بەڵام بۆ دەسەڵاتی باشوری کوردستان ڕێگە نادات کە ڕۆناهی تی ڤی نوسینگەی خۆی لە ناوچەی ئەوان بکاتەوە؟”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button