خاڵە سنوریەکان پەڵەیەکی ڕەشە… ئەم تاڵانی و گەندەڵیە خەتای عێراق نیە

لڤین:

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، ئەندامى په‌رله‌مانى كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لەمانگی 3ی ساڵی ڕابردوەوە بڕیاری ڕێگری لەقاچاخچێتی و پێداچوونەوە بەگرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی مانگانە بە 13 ڕێگا دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن دراوە، بەڵام جێبەجێنەکراوە، دەشڵێت: خاڵە سنوریەکان پەڵەیەکی ڕەشە و ئەم تاڵانی و گەندەڵیە خەتای عێراق نیە.

دەربارەی پرسی قاچاخچێتی لە سنورەکان، عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى: “لە مانگی 3ی 2020 بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتی دراو و جێبەجێنەکرا.. لە ھەمانکاتدا بڕیاردرا پێداچونەوە بە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە مانگانە بە 13 ڕێگا دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن! ئەویش جێبەجێنەکرا”.

نوسیویشیەتی: 27  ڕۆژ پێش ئێستا دیسانەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دروستبکرێت بۆ ڕێگری لە قاچاخ تاوەکو ئێستا ھیچ بەرھەمێکی نەبووە، بڕیاردرا پێداچونەوە بە کۆمپانیاکاری بکرێت وەک خۆیەتی”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکردووە کە “کۆمپانیا ھەیە 2 ملیۆن و ھەیە 4 ملیۆن و ھەیە زیاتر وەردەگرێت بەبێ ئەوەی کارێکی ئەوتۆ بکات!! لەم کابینەدا لە بری ئەوەی کۆمپانیاکاری کەمبکات زیادی کرد.. تەسڕیحاتی گومرگی کە وەرەقەیەکی سپیە درا بە دوو کۆمپانیا و بۆ ھەر بارھەڵگرێک 20 ھەزار وەردەگرن!! داھێنانێکیان کرد بە ناوی تەعقیم 10 دۆلار لە ھەر ئۆتۆمبیلێک وەردەگرن!!”.

عەلی حەمە ساڵح، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “ئەوەی کراوە تەنیا چەند جۆرێک کاڵای قاچاخی وەک ھەنگوین و ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل لە سنوری سلێمانی و گەرمیان ڕاگیراوە”. لەکۆتایی نوسینەکەشیدا نوسیویەتی: “خاڵە سنوریەکان پەڵەیەکی ڕەشە… ئەم تاڵانی و گەندەڵیە خەتای عێراق نیە”.

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button