قائیمقامیەتی سلێمانی: لە پێنج مانگدا 288 شوێنمان داخستووە

لڤین:

لەماوەی پێنج مانگدا لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، نزیکەی 30 ھەزار سەردانیان بۆ شوێنەکان کردووە و 288 شوێنیان داخستووە و 239 هەزار تۆن خۆراك و شمەكیشیان لەناوبردووە.

ئەمڕۆ قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵی چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەكانی بڵاوکردەوە.

‏‎بەگوێرەی ئامارەکە ‏‎بەپێی راپۆرتێكی لیژنە هاوبەشەكان بۆ قائیمقامی سلێمانی، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا واتە لە (1-1-2021 بۆ 31-5-2021) لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كە پێكهاتووە لە (38) لیژنە و لە رووی تەندروستی و ژینگەیی و ڤێتێرنەر و كوالێتی و نرخەوە چاودێری هەموو ماركێت و شوێنكارێك دەكات، (29)هەزار و (603) سەردانی ئەنجام داوە و (288) داخستن هەبووە و (239) هەزار تۆن خۆراك و شمەك لەناوبراوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەشیخستوەتەڕوو کە هەر لەو ماوەیەدا لە پارێزگاكانی تری هەرێمی کوردستان سەردانی لیژنەکان بەجۆرێك بووە كە لە هەولێر سەردان (195)، داخستن (51)، لەناوبردن (298) هەزار و (212)تۆن و لە دهۆك سەردان (730) و داخستن (27) و لەناوبردن (6)تۆن بوو, لە هەڵەبجە سەردان (1300) و داخستن (20) و لەناوبردن (24) تۆن بووە.

ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی داخستنەکان لەسلێمانی لەبەرامبەر ژمارەی شوێنکار و مارکێت و چێشتخانەکان دەکاتە(0,78./.) واتە کەمترە لەسەدا یەک.

‏‎هەر بەپێی ئامارەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی، داهاتی سزادان لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە (267) ملیۆن و (625) هەزار دینار بووە، لە بەرامبەردا لە هەولێر داهاتی سزادان (119)ملیۆن و لە دهۆك (8)ملیۆن و (250)هەزار دینار بووە.

بەپێی ئامارەکانیش دەردەکەوێت سەردانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی (150) ئەوەندەی سەردانی لیژنەکانی هەولێر و (41) ئەوەندەی لیژنەکانی دهۆک و (22) ئەوەندەی سەردانی لیژنەکانی هەڵەبجەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button