ئەوکچە کێیە کە لەگەڵ شێخ جەعفەر وێنەی بڵاو بووەتەوە؟

لڤین:

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لەگەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی و لەبەردەم هۆتێل ئەبوسەنا شەڕە تەقە لە نێوان چەند هێزێکدا درووست بوو، هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس لەلایەك و هێزەكانی كۆماندۆی سەربەجەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان-یش لە لایەکی دیکە.

وێنەی کچێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە کچی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمە، بەڵام لەڕاستیدا وێنەکە هی‌ کچێکە بەناوی کوردستان بەمۆو یاریزانی گۆڕەپان‌و مەیدانە.

ئەو کچە یاریزانە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، “من ناوم کوردستان بەمۆیەو پێشتر یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوم و ئەو وێنەیەش پێش دو ساڵ گیراوە کە لەدوای ئەوەی لەپاڵەوانێتییەکی ڕۆژئاوای ئاسیا پلەی دووەم بەدەستهێنا لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفای سەرۆکی یانەکەوە خەڵات کرام”.

هەروەها ئاشکرای کردووە، “من ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم‌و لەکۆتا پاڵەوانێتیشدا دوێنێ شەوی لەوڵاتی تونس پلەی سێیەمم بەدەستهێنا”.

سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی ئەو وێنەی لەگەڵ ئەو بەرپرس لە ئێستادا کە کچێکی تۆمەتبارە بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزیەکانی شەوی ڕابردووی سلێمانی، ئاشکرای کردووە، “داوا لەو پەیج و میدیایانە دەکەم کە وێنەکەیان بڵاوکردووەتەوە وێنەکە بسڕنەوەو جارێکیتریش هەواڵی ناڕاست لەسەر هیچ کەسێک بڵاونەکەنەوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button