چیرۆكی داخستنی نەخۆشخانەی هیوا

نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشیەكانی شێرپەنجە، بە پشتوانی مام جەلال بە هەوڵ ماندووبونی كۆمەڵێك پزیشك وكارمەندی دڵسۆز دامەزرا، بووە رووناكی و هیوا بۆ هەموو ئەو نەخۆشانەی كە هەژار و نەدار بوون.

سەرەتا كاروبارەكانی زۆر بەباشی دەڕۆیشت و تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەك بە ناوی كاری خێرخوازی خۆی خزاندە ناو نەخۆشخانەكە گوایە هاوكاری ئەكات و هەڵایەكی میدیایی بۆ خۆی دروستكرد و لەو رێگەیەوە تەندەری دەرمانی نەخۆشخانەكەی وەرگرت بە دەیان ملیۆن دۆلاری قازانج كرد، بەوەش رازی نەبوو وردە وردە كوالیتی دەرمانی نەخۆشەكانی گۆری لەپێناوی قازانجی زیاتر.

دواتر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەی برد و كردیە بەپرسی تەندروستی و دەرمانی كۆمپانیاكەی، ئینجا پزیشكەكانی برد و خۆی نەخۆشخانەی دروستكرد ئێستا ئەوێت نەخۆشەكانیش بەرێت و نەخۆشخانەی هیوا بەسەر خەڵكی هەژار و نەدار و لێقەوماو دابخات و نەخۆشەكان بە ناچاری بچنە نەخۆشخانەی كۆمپانیاكە ولەوێ وەكو چەتە گیرفانیان ببڕن.

بۆیە پزیشك و كارمەندە ماندووەكانی هیوا دڵنیا ئەكەم ئەوەی رووئەدات بۆ ئەوەیە ئێوە سەنگەرەكە چۆڵ بكەن و نەخۆشەكان رەوانەی قەسابخانەكەی ئەوان بكەن.

بەشێكی زۆر بەپرسەكانی تەندروستیش لەناو ڤێلای بەلاشی كۆمپانیا بە شەرەمەزاری دانیشتوون ناتوانن بەرگریتان لێ بكە. بۆیە چاوەرێ ئەوە مەبن كێشەكانتان چارەسەربێت، ئەوە هەر مەسیری ئێوە نیە، هەموو نەخۆشخانە حكومەییەكان هەمان پلانیان بۆ دانراوە ئیتر شتێك نامنێت بەناوی كەرتی گشتی تەندروستی، بەڵام هیواتان هەبێت ئەم هەنگوینی گەندەڵیەی كە ڕژاوە رۆژێك ئەیان خنكێنێت، رۆژی خۆی دێت فێڵ و تەڵەكەی ئەم چاوچنۆكانە بــۆ هەموو كەس روون بێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button