وەزارەتی خوێندنی باڵا کرێی خوێندنی خوێندكارانی ماستەر دادەشكێنێت

لڤین:

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ ( ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە،” بەمەبەستى هاندان و پاڵپشتى کردنى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانی کوردستان کە تاکو ئێستا دانەمەزراون، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا لە خوێندنى ماستەر بۆ ساڵى (٢٠١٩-٢٠٢٠) کە لە زانکۆکان وەرگیراون بەشێوازی پارالێل، یەکەمەکان بە ڕێژەى (٧٥%) و دوەمەکان بەڕێژەى (٥٠%) و سێیەمەکان بەڕێژەى (٣٠%) لە کرێى خوێندنى ساڵی دوەمیان دادەشکێنرێت”.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى ( ٧ / ٦ / ٢٠٢١ ) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى دهۆک بە ئامادەبونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت کۆبۆوە.

لە کۆبونەوەکەدا دواى خستنەڕوى بەرنامەى کارى پێنجەمین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە ئەم خوێندنە تەنها تایبەت نیە بەهەرێمى کوردستان، بەڵکو بابەتێکى نێودەوڵەتیە و وڵاتان بۆ پێشخستنى بارى ئابورییان بایەخى زۆرى پێدەدەن. پێویستە فەلسەفەى خوێندن و پرۆگرامەکانمان بگونجێنین لەگەڵ بازاڕى کارى کوردستان بۆ ئەوەى واقعى ئێستاى هەرێمى کوردستانمان لەبەرچاو بێت.

ڕونیشیکردەوە نامانەوێ زانکۆ تەنها بڕوانامە ببەخشێت و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیى و پیشەیی بۆ خوێندکارانى دروست بکات، تا دواى تەواوکردنى خوێندن بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕى کارى کوردستاندا هەلی کارى گونجاویان بۆ بەدەست بێنن، بۆیە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن و کادیرى ناوەندى دروست بکەن و پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردستان دەستەبەر بکەن و خوێندکارى کارامە بۆ بازارى کار پێ بگەیەنن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەداو بەمەبەستى هاندان و پاڵپشتى کردنى سێ یەکەمەکان زانکۆ حکومیەکانی کوردستان کە تاکو ئێستا دانەمەزراون لە زانکۆکان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا کە ناوبراوان لە خوێندنى باڵا/ماستەر بۆ ساڵى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراون بە شێوازای پارالێل، یەکەمەکان بە ڕێژەى (٧٥%) و دوەمەکان بەڕێژەى (٥٠%) و سێیەمەکان بەڕێژەى (٣٠%) لە کرێى خوێندنى ساڵی دوەمیان دادەشکێنرێت.

لەچوارچێوەى تاوتوێکردنى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، پاڵپشت بە دو پرۆپۆزەلى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و یاداشتەکانى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وەزارەت، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە کردنەوەى خوێندنى ماستەرى پیشەیی (MBA)، دکتۆراى پیشەیی (DBA) هەروەها کردنەوەى سەنتەرى خوێندنى پیشەیی یەک ساڵە بۆ دەرچوانى خوێندنگە ئامادەییە زانستى و وێژەییەکان و پەیمانگە پێنج ساڵییەکان، لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان.

لەبڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ناوى کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان گۆڕدرا بۆ کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى و پزیشکى هاوشێوەى کۆلێژە تەکنیکییەکانى عێراق.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ئەندامانى ئەنجومەن چەندین ڕاو بۆچونیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ ڕەوشى ئێستاى زانکۆکان خستەڕو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button