نوێترین زانیاری دەربارەی دەرماڵەى فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم ئاشکرا کرا

لڤین:

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، پێداچوونەوە بە سەرجەم دەرماڵەی فەرمانبەران، دەکرێت جۆرێکە بۆ کەسانی شایستە بێت

لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆی حکومەتى هەرێم گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە ( ٢ ) ی ساڵی ( ٢٠٢٠ ) تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان و جەختیشیکراوەتەوە، پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان.

بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ناس کورد  ڕایگەیاندووە،”  بەپێی مادەی ٥ لە یاسای چاکسازی دەسەڵات دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە سەرجەم دەرماڵەی فەرمانبەران بکات و ئەو دەرماڵەنەش جێگیرە و دەستکاری ناکرێت دەرماڵەی هاوسەرگیری، منداڵ و دەرماڵەی بڕوانامەیە”.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لەوەکردووە،” پێداچوونەوەی دەرماڵەکان بە جۆرێکە بۆ کەسانی شایستە بێت بۆ نمونە دەرماڵەی مەترسی لەوەزارەتی کارەبا بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ تەزووی کارەبا دەکەن و ئەوانە جیا دەکرێنەوە لەگەڵ کەسێک هەر لە وەزارەتی کارەبایە و لەبەردەم کۆمپیوتەرێک دانیشتووە، جگە لەوە ئەو دەرماڵە 150 هەزارییەی دەدرێتە مامۆستایان بۆ ئەو مامۆستایانە دەبێت کە وانە دەڵێنەوە نەک ئەوانەی لە ناو پەروەردەکان دەوام دەکەن و 150 هەزاری وانە وتنەوەش وەردەگرن”.

ئاشکراشی کردووە،” دەسەڵاتی تەواو دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوەی دەرماڵەکان بەڵام ئێمە وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان چاودێری پێداچوونەوەی دەرماڵەکان دەکەین و ڕێگری لە کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی شایستە دەکەین.”

هەروەها وتویشیەتی،” جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دەرماڵەی مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی دیکە هەیە، ئەمە جگە لە جیاوازی دەرماڵەی پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی و …هتد ئەوانەش سەرجەمیان ڕێکدەخرێنەوە.”

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە،” بە پێداچوونەوەی دەرماڵەکان داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و بەوەش ماف دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانە حەقی وەرگرتنی دەرماڵەکەی هەیە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button