خەنجەری موزایەدە

(١)

پەرلەمانتارانی پارتی ئەورۆ گوتیان “ناڕوونی لەداهاتی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە بۆیە مووچە دوادەکەوێت”.
((ئەوبار بەملی شێخ وەسانی پارتی راست دەکات))

(٢)

لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارانی یەکێتی گوتیان “ناڕوونی لە داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەولێر و دهۆک هەیە”.
((ئەشهەدو ئەوانیش راست دەکەن))

(٣)

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش گووتی” نابێت لەسەر حسابی قووتی خەڵکی، موزایەدات بەسەر یەکدییەوە بکەین!”
((دەی ئاخر هەورامی دەزانی هەردووکیان راست دەکەن))

(٤)

مەگەر پەرلەمان شوێنی گفتوگۆکردن نیە؟! بۆچی کاتێک باس لە مووچە یان هەرشتێک بکرێت پارتیەکان بەدڵیان نەبیت، یێژن موزایەدەیە؟!
((ئەرێ بەراست موزایەدە چیە؟!))

(٥)

نازانم بۆچی لای من هەر قسەو کردارێکی تراژیدی ئەو دوو حیزبە تامی کۆمیدیا دەدات، هەرجارێک گوێبیستی وشەی موزایەدە دەبم کە پەرلەمانتارانی زەرد کردیتیانە خەنجەری دەبان، حەمە دۆلمەم بەبیردێتەوە، کە هیچکەس نەیدەوێرا رووبەڕووی ئەو بێژی (دۆڵمە)، هاوڕێ قشمەچیەکانی جارجار کە بۆشۆخی دەیانویست بەزمێک سازکەن، یەکێک دەیگوت سڵق، ئەویدیکەیان دەیگۆت برنج، کاتێک سێیەم دەیگوت روون حەمە خەنجەری دەبانی لەکەلانی دەردەیناو دەیگوت “پیاوم دەوێ بیپێچیتەوە”.

(٦)

هەزارویەک تەجاوزتان لەحەرەمی ئەو پەرلەمانە کردووە، پارتی دووسال دەرگای پەرلەمانی داخست، لەگەڵ یەکێتیش کاتێک پەرلەمانتارێک لەسەر مووچەی خەلک پیلاوەکانی بە پەلارخواری گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەپێخواسی ناردتانەوە ماڵەوە.

حەقە بەروونی بێژن ئێوە چ جۆرە پەرلەمانێکتان گەرەکە؟! خەلک هیوایەکی بەو پەرلەمانە هەبوو کە ئێوەی بۆ بکاتە تەیرێکی مەعقول، بەڵام کار وابڕوات ئێوە پەرلەمان دەکەن بە لەقلەقەکەی مەلا نەسرەدین کە بەدیاری بۆیهات، ترسا لەقەبارەکەی، بۆیە کلک و، دەندوک و قاچاکانیشی بڕی، ئەوجا دڵی ئاوی خواردەوەو، گوتی “ئێستا تەیرێکی مەعقولی”
((ترسی ناوێ، چواردەوری پەرلەمان هەمووی زێرەڤانیە))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button