رێككەوتنەكە جێبەجێناكرێت و موچە بەلێبڕینەوە دابەشدەكرێت

ململانێی ناو پارتی و گرانبونی نرخی نەوت رێگرە
– گروپی نێچیرڤان بارزانی فشاریان لەسەرەو وەك ئۆپۆزسیۆنی پارتی دەردەكەون

پێناچێت رێككەوتنی بودجە لەگەڵ عیراق جێبەجێبكرێت و نە هەرێم ئامادەیە نەوت رادەستبكات و نەبەغداش ئامادەیە هیچ پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت. پێدەچێت ئەم مانگەش موچە بەلێبڕینەوە دابەشبكرێت. گرفتەكانی ناوخۆی پارتی و گرانبونی نرخی نەوت رێگری سەرەكی جێبەجێكردنەكەن.
مانگێك و 20 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر دەنگدان لەسەر بودجەی 2021ی عیراق تا ئێستا پارە بۆ هەرێم نەنێردراوەو ئەو رێككەوتنەی لەناو بودجەدا جێگیركرا وەكوخۆی ماوەتەوە.
هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەی بەغدا هێشتا بەتەواوی روون نین، بەڵام ئەوەی دیارە یەكەمیان بەرزبونەوەی نرخی نەوتە بۆ نزیك حەفتا دۆلار، ئەمە وادەكات هەرێم بەرزەفت نەبێت و خاوەخاوی لەرادەستكردنی نەوتدا بكات. ئەوەی دووەمیان ئاراستەی هەڤرك-ی نێچیرڤان بارزانی لەحكومەت، واتە باڵەكەی دیكەی پارتی، جێبەجێنەبوونی رێككەوتنەكە بەهەلێكی باش بزانێت بۆ هەمواركردنەوەی هەموو ئەو گرێبەست و رێككەوتنانەی كە پێشتر لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا حكومەت لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و رێگاوبان و بیناسازیی و غەیرە نەوتيدا كردویەتی و قازانجێكی زۆر بەكۆمپانیاكان دراوە. بەتایبەت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانەی گوایە لەنێچیرڤان بارزانیی نزیكن بۆنمونە كۆمپانیای كار.
ئەو رێككەوتنانەی پێشوو كراون بەتایبەت ئەوانەی نەوت و كارەباو هەندێ گرێبەستی دیكە، قازانجێكی ئێجگار گەورە دراوەتە كۆمپانیاكان، بەجۆرێك قەرزێكی زۆر لەسەر حكومەتی هەرێم كەوتوەو ئێستا بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی، نزیكەی لە 81% داهاتی هەرێم دەڕوات بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت و دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان! لەو پێداچونەوانەش رەنگە هەندێ كۆمپانیا دووربخرێنەوەو دواتر گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای دیكە بكرێت كە دیارن نزیكن لەكێ‌!

لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ‌ لەئابی 2019 بارودۆخی لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەتی هەرێم لەكار دووردەخرێنەوەو فشاریان لەسەرە، لەشوێنی ئەواندا كادری دیكەی پارتی نزیك لە مەسرور بارزانی دادەنرێن. ئێستا گروپی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتی و لەناو حكومەت، وەك ئۆپۆزسیۆنی ناو پارتی خەریكە ناودەربكەن و جگە لەخۆیان ناڕازییەكانی دیكەی ناو پارتی لەدەوریان كۆدەبنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button