لەدوای پەلامارەكان

هێشتا سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا سەبارەت بەعیراق و سوریا روون نییە، هەموو لێكدانەوەكان بەئاراستەی سیاسەتێكی نوێی سەرۆكی نوێی ئەمریكان لەناوچەكە، بەڵام لەو پرس و بابەتانەی كە پەیوەندی بەشكۆو هەژموونی ئەمریكاوە هەیە، سیاسەتی ئەمریكا جێگیرەو خێرا وڵامی هەر پەلامارێك دەداتەوە كە بزانرێت مەترسییە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی.

هەردوو ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسمی سولەیمانیی و ئەو پەلامارەی چەند رۆژی رابردوو لەیەكتر دەچوون. هەردووكیان كاردانەوەی پەلاماردانی باڵیۆزخانەو ناوچە سەربازییەكانی ئەمریكا بوو، هاوكات هەردوكیشیان بەئیمزاو فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا لەدوو ماوەی سەرۆكایەتی (ترامپ و بایدن) جێبەجێكران. ئەمەش بەڵگەیە كە ئەمریكا سیاسەتێكی جێگیری هەیە لەپەلاماردانی بەرژەوەندییە هەستیارەكانیدا.

كاتێك پەلاماردان و موشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بووە جێی مەترسی، لەڕێی ئۆپرسیۆنێكی تایبەت لەسەرەتای 2020 قاسمی سولەیمانیان لە بەغدا كوشت. ئەو پەلاماردانە خێراو كاریگەرەیان بۆ گەیاندنی پەیامێك بوو كە ئەمریكا لەدروستبوونی مەترسیی سەر بەرژەوەندیەكانی، لەكاردانەوە سڵ ناكاتەوەو ناوەستێت. ه دەبینین دوای چەند رۆژێك لەپەلاماردانی هێزەكانی ئەمریكا لەهەولێر، دیسان ئەمریكا خێرا وڵامی پەلامارەكەی دایەوە، چەندین بنكەو بارەگای گروپە شیعەكانی لەناو خاكی سوریا بۆردومان كرد. لەلایەك پەیامی گەیاندە بكەرانی پەلامارەكەو زیانێكی گەورەی پێگەیاندن، لەلایەكی دیكە پەیامێكیش بوو بۆ ئەو لایەنەی كە ئەمریكا پێیوابوو پشتیوانیی جێبەجێكارانی پەلامارەكەی هەولێری كردووە.

بەهۆی مەترسی لەسەر باڵیۆزخانەی لەبەغدا، ئەمریكا بەشێك لەدبلۆماتكارو كاروبارەكانی گوێزایەوە بۆ هەولێر، بەوپێیەی ناوچەیەكی ئارامترەو دەكرێت وەك ناوچەی بەدیل بەكاربهێنرێت و دیبلۆمات و كارمەندە باڵاكانی پارێزراوبن، بۆیە كاتێك پەلاماری كونسڵخانە یان هێزەكانی دەدرێت لەهەولێر، كاردانەوەی ئەمریكا خێراو توند دەبێت.

روداوەكەی قاسمی سولەیمانی لەكوردستان دووربوو، بەڵام ئەو روداوەی هەولێر لەدوو رووەوە پەیوەندی بەكوردستانەوە هەبوو، یەكەمیان پرسی ئاسایش و ئەمنیەت لەهەرێمی كوردستان چونكە یەكەمجارە لەژێر ركێف و قەڵەمڕەوی هەرێمی كوردستان هێزێكی بیانی موشەكبارانی بەرژەوەندی ئەمریكاو تەنانەت مەترسی لەسەر ئارامی كوردستان دروستبكات. دووەمیشیان هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ روداوێكی ئاوها هەستیار كە پەیوەندی بەململانێی ئیقلیمیەوە هەیە، ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت گرفتی دیكەی بەدواوەبێت كە رەنگە لێدوانێكی رۆژنامەوانیی هەرێمی كوردستان بخاتە بەرەیەك و سەرەنجام زیانێكی گەورە بەهەرێم بگەینێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button