مامەڕیشە و ملیشیا

مخابن تائێستا لەكوردستان نەتوانراوە نە هێزێكی سەربازیی نیشتیمانیی و نە دامەزراوەیەكی ئاسایشی نیشتیمانیی دابمەزرێت. ئەو هێزەی بەناوی هێزی پێشمەرگە هەیە، هێزی حزبەو لەناو حزبیش بەشێك لە كاربەدەستانی حزب هێزی تایبەت بەخۆیان هەیە.

بەپێی پێناسەی میلیشیا وەك لەهەموو سەرچاوەكان باسدەكرێت، ئەو هێزەی پێشمەرگە كە هەیە، چ ئەوانەی بەناوی هێزی یەكەی حەفتاو هەشتا، یان ئەوانەی گوایە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەن، پێناسەی میلیشیا دەیانگرێتەوەو بگرە واوەتریش! ئێستا بەشێك لەو هێزانە، یان لەو یەكەو گروپانە بەناوی بەرپرسەكانەوە نانراون.

لەوانەیە بۆ زۆربەمان بەتایبەت كەسوكاری شەهیدانی (راستەقینە) نیگەرانیی بێت كاتێك دەوترێت هێزی پێشمەرگە هێزێكی میلیشیایە! چونكە وێنەی پێشمەرگە لای ئێمە، مامە ڕیشەو حوسێن مەنسورو مەلا عەلی و دەیان و سەدان و هەزاران لەو شەهیدانەن كە بەراستیی مەرگی خۆیان پێش خاك و نیشتیمان خست! بەڵام مخابن ئێستا، بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بووە بەهێزی تایبەتی بەرپرسەكان، ناونراون كۆماندۆو هێزی ئاڵتونی لیواو فەوجی تایبەتی فڵان و فیساڵ!! جگە لەوەی بەویستی شەخسی بەكاردەهێنرێن، هاوكات لەپەنای ئەو هێزانە، سەدان بندیواریان هەیەو مانگانە سەدان ملیۆن دینار لەخەزینەی ئەم وڵاتە بەناوی پێشمەرگەوە دەخەنە گیرفانی خۆیان!

سەبارەت بەئاسایشیش بەهەمان شێوە، ئەو ئاسایشەی هەیە نیشتیمانیی نییە! دامەزراوەیەك نییە بەیەك چاو تەماشای هاوڵاتیان بكات! بەشێك لەئیشی ئاسایش ئەوەیە ئەگەر كەسێك بیەوێت لەحكومەت یان لەكۆمپانیاكان دابمەزرێت، بەدواداچوون بكات بزانێت سەربەحزبەكەی ئەوانە یان نا؟! واتە ئیشی جیاكردنەوەی ئەندامانی حزبەكەیەتی لە خەڵك و هاوڵاتیانی دیكە! وەك جیاكردنەوەی ئیماندارو بێ‌ ئیمان، ئینجا ئەندامانی حزبەكەی ماف و هەموو ئیمتیازێكیان هەبێت و ئەوانی دیكەش بێبەش بكات.

بەراستیی هاوڵاتیان لەو دامەزراوەیە دەترسن، چونكە دامەزراوەیەكی حزبییەو پارێزگاریی لەحزب دەكات. كابرای ئاسایشی هەولێر راستیكرد كە گوتی تا ئەندامەكەی ئێمە كە مەبەستی ئەندامی حزبەكەی بوو لە سلێمانی ئازاد نەكرێت ئەوان ئەندامێكی یەكێتیی لەهەولێر ئازاد ناكەن!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button