نیشتیمانی میللەتێكی هەشبەسەر

هیچ دامەزراوەیەك لەكوردستان نیشتیمانیی نییە، بەیاننامەكەی ئەمڕۆی سێ‌ ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایش سەلماندی كە دامەزراوەی ئاسایشی نیشتیمانیش، نیشتیمانیی نییە!

پەرلەمانی كوردستان بووە بەبارێكی گران بەكۆڵی خەڵكی كوردستان، وەك مەكتەبەكەی میستەر لە (بەرنامەی بەرنامە) بووە بەتەمبەڵخانەو بەشێك لەئەندامانی خەریكی تەشهیركردنن بەئەم و ئەو!

دامەزراوەی قەزاوەت و دادوەریی، وێرانەیەكە و لەكەیەكی گەورەی بۆ حوكمڕانیی و رەنگ و ڕووی خەڵكی كوردستان دروستكردووە. بەشێك لەدادوەرانی بوونەتە نۆبەدار و لەبری پاراستن و جێبەجێكردنی چەمكی دادپەروەریی، رێگاكانی ستەمكاریی فراوانترو ئاسانتر دەكەن.

حكومەتیش لەدۆخێكی زۆر خراپدایە، حوكمڕانانی بەتەواوی دابڕاون لەشەقام و ویستی خەڵك. دەتوانین بڵێین متمانەی شەقامیان نەماوە یان گەلێك لاوازبووە، هەمان ئەزموونی حوكمڕانە خراپەكانی مێژوو دوبارە دەكەنەوە. بەشێك لەوانەی ئەندامی ئەم حكومەتەن، لەبری حزبەكانیان، نوێنەرایەتی حزبی دیكە دەكەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button