به‌دخویی سیاسی‌و ئه‌ندازیاری ته‌خریب

لە فەیسبووکی عه‌دنان كۆچه‌ر وەرگیراوە
رێك پارتی له‌و منداڵه‌ چه‌قاوه‌سووه‌ ده‌چێت، كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی راست‌و دروسته‌وه‌، هه‌موو رێگاكانی سه‌ركێشی‌و ملكێشی تاقیده‌كاته‌وه‌و پاش هه‌موو ئه‌زمونكردنێكیش روبه‌ڕووی ئابڕوچوونێكی تر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دوو فاقی‌و چاوقایمیه‌ی پارتی به‌رده‌وام له‌دوای هه‌موو سكانداڵێك بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بیگرێت، هه‌ڵاتن‌و راكردن، ئاژاوه‌و ئاشوب، دزی‌و تاڵانی، خیانه‌ت‌و عه‌ماله‌ت وه‌ك پاڵه‌وانیه‌تی‌و نیشتمانپه‌روه‌ریی به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش رێك ئه‌و ستراتیژه‌ پوچه‌یه‌، كه‌ مێژوویه‌كه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ تاقیده‌كاته‌وه‌.
تێوه‌گلانی ئاشكرای پارتی له‌ به‌ ئامانجگرتنی په‌رله‌مانتاری عێراق (د. غالیب) ‌و فشار دروستكردن بۆ ئازادكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستگیركرابوون، ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ك ره‌هه‌ند نیه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی فراوان‌و فره‌ ره‌هه‌نده‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ رواڵه‌تدا به‌ ته‌نها بریتی بێت له‌ به‌ئامانجگرتنی كاره‌كته‌رێكی ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازی له‌سیاسه‌تی چه‌ته‌یی‌و مافیایی پارتی‌و شكستی ئابووری سه‌ربه‌خۆو خۆدزینه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی دیوێكی تری ئه‌و كرده‌ ترسنۆكه‌ بریتیه‌ له‌ شه‌ڕی هه‌ژموون، هه‌ژموون‌و باڵاده‌ستی به‌سه‌ر جوگرافیای نفوزی یه‌كێتی‌و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی سێبه‌ره‌وه‌، كۆنتڕۆڵی جوڵه‌كانی ئه‌و جوگرافیایه‌ بكات، هه‌روه‌ك به‌سه‌رێكی تریدا پرۆسه‌یه‌كی فراوانتری به‌ ئامانجگرتنی سلێمانیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فۆكه‌سی گشتی له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ناوچه‌ی زه‌رد دووربخاته‌وه‌و وانیشان بدات كه‌ ئیدی سلێمانی شارێك نیه‌ شایان به‌ مانه‌وه‌‌و تێدا ژیان بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و خواسته‌ هه‌میشه‌ییه‌یه‌، كه‌ پارتی ده‌مێكه‌ كردویه‌تی قیبله‌نمای خۆی، ئه‌گه‌ر پێیان نه‌كرێت، پێیان تێكده‌درێ.
هه‌وڵی تێكدان‌و ئاشووب، سیاسه‌تی ده‌ستوه‌ردان‌و سه‌پاندنی هه‌ژموون، فۆڕمێكی گشتی بیركردنه‌وه‌ی پارتیه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا، به‌ڵام بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونی خۆسه‌پێنیه‌ پێویستی به‌گوتار‌و سیاسه‌تێكی توند هه‌یه‌، ستراتیژێك بخوازێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌دخوییه‌ به‌ بوێری‌و ئازایه‌تیه‌وه‌ بووه‌ستێت‌و رێگه‌ نه‌دات چیتر ئه‌و هێزه‌ به‌ هه‌واو هه‌وه‌سی خۆی ره‌خنه‌گرو ئازادیخوازان كێوماڵ بكات، ئه‌وه‌ش به‌ روون‌و رۆشنی له‌ تویته‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی (لاهوری شێخ جه‌نگی) خۆی به‌یانكرد، كه‌ خواستی خۆسه‌پێنی پارتی به‌ به‌كارهێنانی هه‌موو میكانیزمه‌كان شتێك نیه‌ شایان به‌وه‌ بێت چاوپۆشی لێ بكرێت، ناكرێت له‌و هێزه‌ بێده‌نگ بین، كه‌ له‌سه‌ر پۆستێكی فه‌یسبووك له‌ دادگا شه‌ش چالاكوان شه‌ش ساڵ زیندانیكردنیان ده‌خرێته‌ گه‌ردنه‌وه‌، به‌ڵام قبوڵی نه‌بێت چه‌قۆوه‌شێنێك‌و باندێك كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مانتارێكی خاوه‌ن حه‌سانه‌ به‌ ئامانج بگرن، به‌ فشاری سیاسی‌و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت ئازاد بكرێن. ئه‌وه‌ش ئه‌و دۆخه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌خۆی‌و له‌رێگه‌ی ماكینه‌ ئیعلامیه‌ نه‌وتاوییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت بیكاته‌ ئه‌مری واقع.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button