عەبدولستار مەجید:

بەیاننامەکانتان ڕاگرن پەروەردە و خوێندن و شکۆ و ژیانی مامۆستاتان هەرەسپێهێنا

لڤین:

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، لە ڕاگەیەندراوێکد سەبارەت بە بەیاننامە و پەیام و پیرۆزباییەکانی، بەرپرس و کاربەدەستانی حیزبی و حکومەی لە هەرێمی کوردستان، بۆ یادی پەنجا و نۆ ساڵەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ڕایگەیاندووە،” بەیاننامەکانتان ڕاگرن، پەروەردە و خوێندن و شکۆ و ژیانی مامۆستاتان هەرەسپێهێنا.”

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە،”شورەییە بۆ دەسەڵاتێک ئاوا سوکایەتی بە مامۆستاکانی بکات و موچەی خۆی و قوتی مناڵەکانی بدزێت، کەچی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایاندا بەیاننامە دەربکات و وشەی بریقەداریان بۆ ڕیز بکات.”

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەیاننامەکانتان ڕاگرن
پەروەردە و خوێندن و شکۆ و ژیانی مامۆستاتان هەرەسپێهێنا !

شورەییە بۆ دەسەڵاتێک ئاوا سوکایەتی بە مامۆستاکانی بکات و موچەی خۆی و قوتی مناڵەکانی بدزێت، کەچی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایاندا بەیاننامە دەربکات و وشەی بریقەداریان بۆ ڕیز بکات .

ئێوە دەسەڵاتن حکومەت و داهات و پارە لای ئێوەیە، لەبری بەیاننامە و پیرۆزبایی و قسە ڕیزکردن، ئەگەر بەڕاستی قەناعەتتان بەو دەستەواژ و وشانە هەیە کە لەبەیاننامەکانتاندا ڕیزتان کردووە بۆ مامۆستایان، فەرموون :

ـ کۆتایی بە لێبڕینی موچەکانیان بهێنن

ـ پلەبەرزکردنەوەکانیان کە چەندین ساڵە بەنایاسایی ڕاتانگرتووە، دەستپێبکەنەوە .

ـ لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە دیسان بەناوی پاشەکەوتەوە موچەی مامۆستایان دەبەن بۆ خۆتان، بەقسەی خۆتان ئێستا داهاتتان زیادیکردووە، ئەگەر ڕاستدەکەن لەگەڵ ئەو وشانەی ئەمڕۆ ڕیزتان کردوون، پاشەکەوتی موچەکانیان بدەنەوە .

ـ ساڵی ڕابردوو چەند موچەیەکتان بە تەواوی نەداوە، نە خۆتان دەڵێن چیتان لێکردووە نە مامۆستایانیش دەزانن چارەنوسیان چی لێدێت، وەرن و لەمڕۆژەدا ئەو موچانەیان بۆ بگەڕێننەوە .

ـ سەدان مامۆستا گرێبەست و سەدانی دیکەش وانەبێژ، چی دەستیگرتوون کە ئەو بەڕێزانە نەکەنە هەمیشەیی ؟ نەبوونی داهات یان زۆری دزی و بندیوار ؟!

ـ لەبری داگیرکردنی زەوی و تاڵانکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانتانەوە، بۆچی شوقە و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان (بێ بەرامبەر) دروست ناکەن ؟ ئەوان چی لە قسە و دروشم و بەیاننامەی ئێوە بکەن ؟!

لە سایەی سیستمێکی لەبەریەکهەڵوەشاوی حزبیی و عەقڵیەتێکی ئەمنی خەتەرناک، پرۆسەی پەروەردە بەتەواوی داڕوخاوە و شتێک نەماوەتەوە بەناوی خوێندن و پەروەردە و فێربوون .

شکۆ و شەهامەتی مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش خراوەتە ژێرپێ !

ئەمە حاڵی مامۆستایان و کەرتی پەروەردەیە کە ئەمڕۆ بەرپرسان و دەستڕۆیشتووانی هەرێم لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایاندا کەوتنە بەیاننامە دەرکردن و پیرۆزباییکردن وەک ئەوەی ئاگایان لە واقیعەکە نەبێت و هیچ ڕووی نەدابێت ؟!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button