جەمیل بایک لە بارەی هێرشەکانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە

لڤین:
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە، لە بارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەریلاکانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لەسەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەرگریی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە ڕێگەی ئاژانسی فوراتەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا بایک جەختی کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر “هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا” بەردەوامە و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاریش دژی ئەو هێرشانە بەرگریی دەکەن، وتی: “پێویستە گەلی کورد لە هەموو شوێنێک هەستێتە سەر پێی و خاوەنداری لە ڕۆڵەکانی خۆی بکات، ئێمەش خاوەنداری لە کوردستان، گەلی کورد و دەستکەوتەکان دەکەین”.
هەر لە پەیامە ڤیدیۆییە کەیدا جەمیل بایک، ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغە دژوارەدا، گەریلاکان لە کوردستان، گەلی کورد و دەستکەوتەکانی پێکەوە دەپارێزن، ئەرکێکی مێژووییان گرتووەتە سەر شان و لەم ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا دەکەن.
وتیشی: لەم کاتەدا ئەو کەسانەی لەم بەرخۆدانە مێژووییەدا جێگە نەگرن پێویستە کەس لێیان خۆش نەبێت، چونکە ئەم تێکۆشانەی بەڕێوەدەچێت، تێکۆشانێکە بۆ پاراستنی کوردستان، گەلی کورد و مرۆڤایەتییە، هەمووان دەبێت لەم بەرخۆدانە مێژووییەدا جێگە بگرین، هەر کەسێک کە خۆی بە کورد، وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست و دژی فاشیزم دەزانێت، پێویستە بەشداری ئەم بەرخۆدانە ببێت.