شاخەوان عەبدوڵا: یەکێتی وەڵامی نەداینەوە بۆ هاوپەیمانێتی هەڵبژاردن

لڤین:
پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی هۆکاری بەشداری نەکردنی حزبەکەی لە هاوپەیمانی کورد لە کەرکوک رووندەکاتەوە و دەڵێت داوامان کرد بەڵام یەکێتی وەڵامی نەداینەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وکاندیدی نوێی حزبەکەی لە شاری کەرکوک بۆ پەرلەمان، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رای گەیاند “تا ئەو ڕۆژەی کە لیست پێشکەشکراوە داوامانکردووە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەحوکمی ئەوەی ئیلتزامی یاخود جۆرە بەڵێنێکی لەهەندێک لایەنی تر وەکو گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوان لەهەرێمی کوردستاندا بوو بێ وەڵام ماینەوە”.
ئەو کادرەی پارتی راشی گەیاند: حەزماندەکرد لەڕووی مەعنەویشەوە بێت لیستێک لەو ناوچانە دروست ببێت بەڵام یەکێتی وەڵامی نەداینەوە دواتر بینیمان و ڕاگەیەنرا کە ئەوان هاوپەیمانێتیان کردووە، وە ڕەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆئەوەی کە نەتوانن لەگەڵ ئێمەدا هاوپەیمانێتی بکەن.
ئەو وتیشی: دەکرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا کەمە یەک لیستیەک هەبووایە و کاندیدەکان دەست نیشان بکرایە و دەنگ تەنها بەوانە بدرایە بۆنموونە لە بازنەی دوو لەکەرکوک لەبازنەی دوزخورماتوو لەو ناوچانەی کە کورد کەمە دەکرا کورد کاندیدەکانی کەم بکاتەوە و هەمووی پشتیوانی یەک کاندید بکەن ئەوە بۆ نەکرا؟.
هەر چەندە پارتی و نەوەی نوێ هەریەکەیان بە جیاواز لە سنوری ناوچە دابڕاوەکان بەشداریان کردووە، بەڵام سەرجەم لایەنە کوردیەکانی دیکا دەنگ دەدەن یەک لیستی هاوبەشی کوردی، لە بارەی دروستکردنی لیستە هاوبەشەکەوە شاخەوان وتی: ئەوەی کە بینیمان و ڕاگەیەنرا کە ئەوان هاوپەیمانێتیان کردووە، وە ڕەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆئەوەی کە نەتوانن لەگەڵ ئێمەدا هاوپەیمانێتی بکەن،هیچ کێشەیەکمان نییە.