ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و شاندی باڵای ئەمریكا ڕاگەیەندرا

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ( چوارشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢١ )، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، و شاندێکی باڵای ئەمەریکی ڕایگەیاند” مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، پێشوازیان کرد لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد کە پێکهاتبوو لە دیریک شۆلێی ڕاوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، برێت مەکگورک هەماهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ، دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”شاندی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش”.

هەروەها هاتووە”سەرۆکی حکومەت، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکومەتی ئەمەریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیشاندا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە”پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو ”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button