شێوازی پێدانەوەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون دیاریکرا

لڤین:

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دوو شێوازی دیاریکرد، بۆ پێدانەوەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لای هاوڵاتیانە و بڕیارە کار بە یەکێکیان بکرێت.

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی خۆی لەبارەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون یەکلاکردەوە و دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی و پڕۆژەکان بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان، هەر پڕۆژەیەکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

لەو بارەیەوە محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە ماڵپەڕی “ناس کورد”ی ڕاگەیاندووە، گشتاندنێکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنانی دەکەن لە پارێزگاکان بۆ چارەسەری کێشەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون، دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە گشتاندنەکەدا دوو بژاردە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان، کە بریتین لەوەی قیستەکان درێژبکرێتەوە بەوەی نرخی دۆلار وەکو پێشوو هەژمار بکرێت و ئەو بڕەی ئێستا بۆ نرخەکە زیاد بووە بخرێتە کۆتایی و بەقیست وەربگیرێت، هەروەها بژاردەی دووەم ئەوەیە 100 دۆلار بە نرخی 120 بۆ 130 هەزار دینار دیاری بکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، جەختیشیکردوەتەوە، پێویستە لەماوەیەکی دیاریکراودا بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، هەر کۆمپانیایەکیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، لەماوەی ڕابردوودا دانیشتوانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی روبەڕووی گرفت کردوەتەوە، بەهۆی پێدانی قیستەکانیان بە دۆلار بە کۆمپانیاکان، کە دەبێت بۆ هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 25 هەزار دینار زیاد بدەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button