نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لەلایەن ئەمریکاوە نۆژەندەکرێتەوە

لڤین:

شەوی ( ٢٤ی نیسان )، ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی تایبەت بە توشبوانی كۆرۆنا لە بەغداد كەوتەوە، بەهۆی ئەم رووداوەوە ( ٨٢ ) كەس گیانیان لەدەستداو ( ١١٠ ) كەس برینداربوون، حكومەت لەسەر ئەم رووداوە لیژنەی لێكۆڵینەوەی دروستكرد‌و راستەوخۆ بڕیاری دەستلەكارهەڵگرتنی بۆ هەریەكە لە وەزیری تەندورستی، و پارێزگاری بەغداد‌و بەڕێوەبەری تەندروستی رەسافە دەركرد.

لە بەیاننامەیەکدا، ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢١ ) بڵاویکردوەتەوە” لەڕێگەی ئەو کۆمەکەی کە ئاژانسی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID ) پێشکەشی کردووە، کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی ئەمریکا لقی بەغدا، ئەمڕۆ چەند نهۆمێکی نەخۆشخانەکەیان پاکژکردەوە”.

جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە” هیوادارن بە زووترین کات نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب نۆژەنبکرێتەوە و دەست بە پێشکەشکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی بکات”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیش بەوەشکراوە”لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئاژانسە ئەمریکییەکە، سەرجەم ئامێرو کەلوپەلی پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابیندەکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی بەهۆی ئاگرەکەوە  سوتاوون”.

لە درێژەی بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە” هەورەها کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکە دابین دەکات، جگە لەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانی لەبەغدا سیستمیکی نوێی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە نەخۆشخانەکە دادەمەزرێنن، بە تایبەت ئامێری ئاگادارکردنەوەی دوکەڵ و پرژاندنی ئاو و کەلوپەلی تایبەتی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی بۆ نەخۆشخانەکە”.

هاتووە”کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی ئەمریکا دیواربەندێکیش بۆ قوربانیانی نەخۆشخانەکە دروست دەکەن، وەک ڕێزێک لەو کەسانەی لە ڕوداوە کارەستابارەدا تیاچوون”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button