ئایا برادۆستییەكان مەترسیدارن؟

لە دونیای سیاسەتدا بۆچوونێكی باو هەیە، دەڵێت: هەموو هێزێكی سیاسیی بەو پێوەرانە بشكێنە، كە پێی دروستبووە. ئەگەر سەرنج لە مێژوی دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین، دەبینیین لەسەر بنەمای كۆنتڕۆڵكردنی خێڵ و عەشیرەت دروستبووە. لەلایەكی تریشەوە، ئەم حیزبە دۆخی ئاینیی كۆمەڵگای كوردیی خراپ بەكارهێناوە بۆ بەهێزكردن و مانەوەی خۆی.

هەروەها پەیوەندیی نادروستی سیاسیی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا بوونەتە قەڵغانی هێشتنەوەی پارتیی بە بەهێزیی. واتە سێكوچكەی (عەشیرەت_ئایین_پەیوەندیی هەوڵگریی)، چاوگی دروستبوون و مانەوەی پارتیین. هەربۆیە هەر هێز و دەوڵەتێك بییەوێت پێگەی جەماوەریی ئەم پارتە هەڵبتەكێنێت، دەبێت دەست بۆ ئەم سێ جومگەیە ببات. لەبەرامبەریشدا پارتیی بەتەواوەتیی دەستی بەسەر سێكوچكەی (عەشیرەت_ئایین_پەیوەندیی هەوڵگریی)دا گرتووە و نایەوێت دەستبەرداریان ببێت.

لێرەدا دەمەوێت سەرنج لە خاڵی یەكەمی سێكوچكەكە بدەم، ئەویش وێنەی عەشیرەتە لە دیدگای پارتیدا. عەشیرەت زامنی سەرەكیی پاراستنی ستراكچەری پارتییە، وەك هێزێكی سەرەكیی. هەربۆیە كاركردنی ئەو بەشێوەیەكی بەردەوام لێدانە لە پێگە و جەماوەری هەر عەشیرەتێك، كە مەترسیی بۆ سەر بنەماڵەی بارزانیی و دواتریش بۆ سەر پارتیی دروستبكات. چونكە لەناو پارتیدا هەڕەمێكی سێگۆشەیی هەیە، لوتكەی هەڕەمەكە مەسعود بارزانییە، دوو پنتەكەی تری، بنەماڵەی بارزانیی و پارتیین. واتە پارتییبوونیش لە دیدگای مەسعود بارزانیدا، تەنها میكانیزمێكی ڕێكخراوە بۆ خزمەتكردن بە پێگەی مەسعود بارزانیی.

بەدرێژایی سەرهەڵدانی بارزانییەكان، لەناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردیدا، پێش هەموو شتێك لە پێگەی بنەماڵە و عەشیرەت و خێڵە ناودارەكانی كوردیان داوە. لەوانە بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید، بنەماڵەی حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، عەشیرەتەكانی برادۆستیی، هەركیی، سورچیی، زێباریی،…هتد. چونكە ڕاستەوخۆ ئەم بنەماڵە و خێڵانەی بەمەترسیی بۆ سەر خۆی ئەژماركردوون.

لە ئێستادا لەناو هەموو عەشیرەت و بنەماڵە كۆمەڵایەتیی و دیارەكانی كوردستاندا ڕاستەوخۆ دژایەتیی برادۆستییەكان دەكات. هۆكارەكەی ئەوەیە، ئەم عەشیرەتە و كەسە دیارەكانی ئێستای لەنموونەی (سەلام خانی برادۆستیی و براكانی)، لە دیارتریین ئەو جەمسەرە بازرگانیی و كۆمەڵایەتیی و سیاسییانەن، كە مەترسیی گەورە بۆسەر پێگەی بارزانییەكان دروستدەكەن. چونكە ئەم بنەماڵەیە لەناو بنەماڵەكانی تری ناوچەكانی هەولێر و دهۆك جیاوازترن. لە چەند ڕوویەكەوە:

یەكەم/ لەڕووی پەیوەندیی دیبلۆماسییەوە، بەهێز و كاریگەرن. بەڕادەیەكی زۆر كاریگەریی گەورەیان لەسەر سیاسیەتیی وڵاتانی گەورەی وەك ئەمریكا و بەریتانیا هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق.

دووەم/ بەحوكمی هەڵكەوتەی ناوچەكەیان، لەناو هەر سێ دەوڵەتی هەرێمیی (توركیا، ئێران و عێراق) حساباتی سیاسیی و ئەمنیی تایبەتییان بۆ دەكرێت.

سێیەم/ لەناو ئەم بنەماڵەیەدا كەسانی خاوەن بڕوانامە و جیهانبینیی مۆدێرنی دیاری تێدا هەڵكەوتوون، كە پەروەردەی ئەمریكان و لە دونیای سیاسەت و پەیوەندیی ئابوریی و بازرگانیی بەسەر ململانێ ساسییەكانەوە باش تێدەگەن. واتە بنەماڵەیەكی بەئاگان لەوەی، كە لە دونیای سیاسەتدا چی ڕوودەدات و چی پێویستە بكرێت.

چوارەم/ لەڕووی بازرگانییەوە، خاوەن بازرگانیی سەربەخۆی خۆیانن. دەتوانن لە چەندیین بواری جیاوازدا كاریگەرییان لەسەر دۆخی بازرگانیی و ئابوریی هەرێم و عێراق هەبێت.

پێنجەم/ پێگەی عەشیرەتەكە پێگەیەكی دیار و كاریگەرە و تا ڕادەیەكی زۆر هەژمونی تەواوەتیی بەسەر ناوچەكەدا هەیە.

شەشەم/ لەهەمووی مەترسیدارتر، جەمسەرە سەرەكییەكانی ئەم عەشیرەتەن، باش لە ئەدەبیاتی سیاسیی پارتیی تێگەیشتون و بەدرێژایی مێژوو هەمیشە ناتەبایی سیاسییان هەبووە و پێیانوابووە بنەماڵەی بارزانیی لەپێناو پیرۆزكردنی خۆیاندا هەموو كارێك دەكەن بۆ بەجاشكردنی تەواوی خێڵ و عەشیرەتەكانی تری كوردستان، وەك ئەوەی لەگەڵ عەشیرەتە دیارەكانی سورچیی و هەركیی و زێباریدا كردیان. بەڵام نەیانتوانیی هەمان كردەوە بەرامبەر بە برادۆستییەكان ئەنجامبدەن.

لەڕوانگەی ئەو خاڵانەی پێشووەوە، پێویستە هەموو ئەو هێز و لایەنانەی، كە دەیانەوێت هاوسەنگیی سیاسیی لە هەرێمدا بەرجەستەببێت، پشتیوانیی جەمسەرە دیارەكانی ئەم عەشیرەتە بكەن و هاوكاریانبن لەوەدا، كە ڕێگانەدرێت بەرداشی بەرژەوەندییەكانی بنەماڵەی بارزانییەكان بیانهاڕێت.

هەرچەندە خۆیان زۆرباش لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیی و هێزە سیاسیەكانی تری هەرێم تێگەیشتوون. واتە ئەوانیش بەهەمان پێوەر و میكانیزم كار لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، بەبێئەوەی ڕێگابدەن پاكتاوبكرێن، یاخود بخرێنە ژێر هەژمونی بنەماڵە و هێزێكی سیاسییەوە.


عەلی پاشا

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button