سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران:
دادگای تەمیز بڕیاری سزادراوانی بادینانی وەک خۆی پەسەند کرد

لڤین:
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی “تەڤدا پرێس” دادگای تەمیزی هەرێم، بڕیاری پێنج سزادراوەکەی بادینان، کە بە شەش ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە دەرکرابوو، هەڵنەوەشاندوەتەوە، بەو پێیەش سزادراوەکان حوکمەکەیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی “تەڤدا پرێس”، کە پشتی بەستووە بە زانیاریی سەرچاوەیەكی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، “دادگای تەمیزی هەرێم لەژێر فشاری پارتیی حوكمی گیراوانی بادینانی وەكو خۆی هێشتەوە، ئەمەش مەترسییەكی ئێجگار گەورەیە لەسەر پرسی ئازادیی لەكوردستان”.
بەپێی هەواڵەکە لەكۆی پێنج دادوەری پارتی سێ کەسیان لەدادگای تەمیز (عەبدوڵلا شەرەفانی، موسلیح گەیلانیی، محەمەد مستەفا) ئیمزایان لەدژی گیراوانی بادینان كردووە و حوكمی دادگای هەولێریان دووپاتكردووەتەوە.
ماڵپەڕەکە ڕاشیگەاندووە “لێرەوە داوا لە كونسڵخانەو رێكخراوەكانی چاودێری مافی مرۆڤ و حزب و لایەنە كوردستانییەكان دەكەین خێرا بێنە وەڵام و رێگری لەم كارەی پارتی بكەن، چونكە ئەم هەنگاوە مەترسیە بۆسەر ژیانی هەموو خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازان، قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ بەیەكجاریی خنكاندنی ئازادیی لەكوردستان”.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە “دوو لەدادوەرانی دادگای تەمیز هەریەكە لە (شوان محێدین و كەمال) ئیمزایان لەسەر ئەو بڕیارەی دادگای تەمیز نەكردووە و دژی سزادانی گیراوانی بادینان بوون.
16ی شوباتی ئەمساڵ دادگای تاوانهكانی هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی” بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هەریوان عیسا، شڤان سەعید و ئەیاز كەرەم) دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانی ههرێم و رێكخراوهكانی مافی مرۆڤ و بهرگریی له ڕۆژنامهنووسانەوه رەتكرایەوە و ناڕەزایی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.