یادت هەمیشە زیندووە هاوڕێ گیان

دەرگەی ژوورەکەی کردەوە، بە هێمنی و حەسرەتێکی قوڵەوە هاتە ژوور و لەپاڵما دانیشت، هاوشێوەی من ڕوویکردە شاشەی تیڤییەکە، بەدیار دیمەنی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و سوتانی سەکۆی سەراوە، بێدەنگ ڕاما، لەپڕ بێڕەحمی و بێویژدانی چەکدارەکان ئاگری توڕەییان تاودا، وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئەنجامدابێ ڕووی تێکردم و بەدەنگێکی دلێری نێرانەوە وتی؛ هاوڕێ، بەشدارنەبونی دوێنێم ئازارم ئەدا، بەڵێن بێ ئەمڕۆ بەشداربم و بەخوێنی خۆمان سەکۆکە دروسبکەینەوە … ئاخر خوێندن لەلایەک و، خەمی بژێوی لەلایەکی تر، دەرفەتێکی کەمیان بۆ هێشتبوەوە، بەڵام هێشتا ڕۆژ نا ڕۆژێک لەگەڵماندا دەهاتە سەرا. پێش ئەوەی لە ژوورەکە ئاوا بێت، بە یەقینێکی قوڵەوە وتی؛ هەڵوژە، ئێوارە پێکەوە دەڕۆین، جێم نەهێڵن، چونکە هەموو عەسرێک لەگەڵ کۆتایی دەوامی دەزگای سەردەمدا، کۆمەڵێک هاوڕێ بوین و پێکەوە دەچووینە سەرا بۆ بەشداری ناڕەزایەتییەکان.

کاتژمێر چوار لە دەزگای سەردەم هاتینەدەر، وەک هەمیشە بە خەون و خولیای گۆڕانکاریی ڕیشەییەوە، بە هیوای بونیادنانی دونیایەکی نوێیەوە، بە دوو ئۆتۆمبێل چوینە کۆڵانەکانی کانێسکان، وا ڕێکەوت شەهید هەردی لە ئۆتۆمبێلەکەی تردا بوو، بەڵام ڕێکەوتبوین لەسەرا یەکبگرینەوە، کاتێک بەپێ بەبەردەم مزگەوتی گەورەدا تێپەڕبوین، دۆخێکی تەواو ناهەموار باڵی کێشابوو، لە هەموو گۆشەیەکی بازاڕدا چەند چەکدارێک بە خێسە و ڕەزاتاڵییەوە لە جوڵەی خەڵکیان دەڕوانی، دەست لەسەر تفەنگی ئامادە چاوەڕوانی جوڵەیەکی نامۆ بون تاکو ڕق و توڕەیی خۆیان بەتاڵ بکەنەوە، دوو ڕۆژ بوو ژمارە و جۆری چەکدارەکان گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەسەردا هاتبوو، بەشێکیان غەریبتر و بێبەزەییتر دەردەکەوتن، بە نیگاکردن لێیان ڕاستەوخۆ هەستت بە بێباکییەکی کوشندە دەکرد لەسەر ڕوخساریان، هەستی ئەوەی خوێنڕشتن ئەرکێکی ئاسان و ساکاری ئەوانە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، ئەم دیمەنە دووبارەبوونەوەی ئەو ئاتمۆسفیرە لە ترس و بیم بو کە لەسەردەمی بەعسدا “قوات خاسەکان” دروستیان دەکرد.

کاتێک داخڵی مەیدانی سەرا بووین، بە هەزاران خۆپیشاندەر لەبەردەم سەکۆی سوتاوی سەرادا، دروشمەکانی ئازادی ئازادی، چۆڵی ناکەین، بڕوخێ، ئێوە سەربەزن وەک داری خلەیان دەوتەوە، تێکدان و سوتانی سەکۆکەی دوێنێ، حەماسەت و توڕەییەکی زۆری لەلای خۆپیشاندەران خوڵقاندبوو، بەگەیشتنم ڕاستەوخۆ تێلم بۆ شەهید هەردی کرد، لەوەڵامدا وتی؛ لە شەقامی پیرەمێردین و نایەڵین چەکدارەکان بێنە سەراوە، وتم؛ هەردی گیان ئێمە بڕیاربوو لەسەرادا یەکبگرینەوە چی دەکەیت لەوێ، تکایە بگەڕێرەوە دۆخەکە مەترسیدارە، لەوەڵامدا وتی؛ خەمت نەبێ هەڵوژە گیان هیچ ڕوونادات، دوای کەمێک دەنگی تەقە لە شەقامی پیرەمێردەوە بیسترا و دۆخەکە تەقییەوە، لەوساتەدا چەند جارێک تێلم بۆ شەهید هەردی کرد تەلەفونەکەی داخرابوو، ئیدی لە سەرا دەنگۆ بڵاوبویەوە خەڵکێکی زۆر بریندارە و براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بۆیە بەناچاری لەگەڵ هاوڕێیانمدا چوینە نەخۆشخانە، پاسەوانەکە نەیهێشت بچینەژوورەوە، بەڵام بە حوکمی نزیکی ناوەکەی من لەوەوە، وتم برامەو قەناعەتی کرد، تەواوی نەخۆشخانەکە گەڕام ئەوی تێدانەبوو، دواجار وتیان بچۆ بۆ بەشی چاودێری وورد ڕەنگە لەوێ بێ، کەچووم لە گۆشەیەکدا جەستە سارد و شلبوەوەکەی لەسەر بێدێک پاڵخرابوو، گولەیەک بەر مێشکی کەوتبوو، پاش چەند چرکەیەک پزیشکێک هاتوو وتی؛ مانەوەی ئەستەمە، لەوکاتەدا دەسگیرانەکەی تێلی بۆ کردم  وتی؛ کاک هەڵمەت دەڵێن هەردی گیراوە و لە زیندانی کانی گۆمەیە، بەڵکو هەوڵێکی بۆبەن ڕزگاری بکەن، بێئاگا لەوەی شازادەی خەونەکانی لەسەر مەرگە و فریای ماڵئاوایی ناکەوێ.

ئەو ڕۆژە 18ی نیسانی 2011 بوو، دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لەژێر ئۆکسجینی دەستکردا، لەڕۆژی 23ی نیساندا گیانی پاکی سپارد، پێکەوە خەونی ژیانی هاوسەرگیری و بڕوانامەی زانکۆی بردە ژێر گڵەوە … درود بۆ ڕۆحی پاکت هاوڕێ گیان، یادو یادەوەرییت هەمیشە زیندووە لەلام، هاوڕێ، سەخت بو باوەڕبکەین دەسەڵاتی خۆماڵی دەستی بەخوێنی ڕۆڵەکانی خۆی سوربێ، بەڵام ئەسەف وادەرنەچوو، تۆ نمونەی دەیانی تری ..!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button