جەنابى پارێزگار بگەڕێوە ژوورە تایبەتەکەى خۆت ..!

ئێستا ئێمە لە هەوڵداین سادەیی و خاکێتی لەم پیاوە بسێنینەوە، دەمانەوێت بچێتەوە ژوورە تایبەتەکەی خۆیی و لە پەنجەرە نیمچە تاریکەکەی تەلارى پارێزگاوە لە شار بڕوانێ، دەمانەوێ مۆن و قسە ڕەق، توڕە و ڕەزاتاڵ بێ، لێدوان بۆ هیچ میدیایەک نەدا، ناچاری دەکەین چەند پرسگەیەکی توند و بێزارکەر دابنێ، بە واسیتە و تکای بەرپرسە حیزبییەکان بگەینە لای، کاتێکیش گەیشتینە لای مامەڵەی توند و سروشتی شکێنەری هەبێ، ئێمە پێمانخۆشە هاوشێوەى بەشێکى زۆر لە کاربەدەستانى ئەم نیشتمانە بچکۆلەیە هەمدەم و هەمنشینى ستەمکار و نیشتەجێى یاڵ و گردەکان بێ، گۆشەگیر و دوورەپەرێز هەرگیز ناوەندى شار نەبینێ، شاگەشکە دەبین کاتێک لەنێو ڕەتڵى ئۆتۆمبێلى جامڕەشدا بە تیلەى چاو لە درزى جامى ئۆتۆمبێلە درعەکەیەوە خێسە لە هاونیشتمانیان بکا، ئێمە چێژ لەو دۆخە دەبینین، چونکە ئەزمونێکى درێژمەودامان لەگەڵ ستەمکاریدا هەیە، ڕانەهاتوین پارێزگارى شار لە سەرەى نانەوادا بوەستێ، دەستبداتە خاکەنازى کرێکارى شارەوانى و زبڵ کۆبکاتەوە، نامۆیە پێمان کاتێک دەبینین لەسەر عەرەبانەى شێلمفرۆشێک کڕیارەکانى ڕایی بکات …
گرفتەکە لە خودی پارێزگاردا نییە، بەڵکو گرفتەکە لەوەدایە ئێمە بەر پارێزگارێکی لەم چەشنە نەکەوتوین، پێشتر ئەزمونی سادە و خاکێتی پارێزگارێکی هاوشێوەمان نەکردووە، ڕووتکردنەوەی پۆستێکی باڵا تاڕادەی ڕیکلامکردن بۆ دەستگێڕێک و بڕینی قردێلەی کردنەوەی دوکانێکی بچوک و سێڵفی گرتن لەتەک ژینگەپارێزێک، زێدە نامۆیە بە دونیای ئێمە، ئەوەی جێگەی توانجە ئەم سیما و تایبەتمەندییە نوێیەیە کە پێشتر بەرپرسە باڵاکانی ئێمە مومارەسەیان نەکردووە. گەر هەڵەیەک لێرەدا بونی هەبێ کە من پێم وانییە هەبێ، هەڵەی د.هەڤاڵە، چونکی تا ئاستی کەماڵی ڕووتبونەوە و داماڵینی هەستی باڵادەستی و نێرجسییەتی پێگە و مەقام، پۆستی پارێزگاری سادە کردەوە، تائاستی توانەوە، لە شەقام نزیک بوەوە، لە ترپەی دڵی کرێکار و خاوەنکار نزیک بوەوە، مەودای ڕاعی و ڕەعییەتی کورت کردەوە، بەدرێژایی تەمەنی حکومڕانی کوردی هیچ پارێزگارێک هاوشێوەی ئەم پیاوە خاکەڕایی بەرجەستە نەکرد، هەر ئەمەش سەرچاوەی نامۆبونی ئەم پیاوەیە بە ئێمە …
بۆیە جەنابى پارێزگار، گەر دەتەوێ زیاتر نامۆ نەبى، بگەڕێرەوە ژوورە تایبەتەکەى خۆت، تەجاوزى کار و سروشتى پارێزگارەکانى پێشووى خۆت مەکە، بەڵام دڵنیام بە قسەم ناکەى ..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button