سەنگەرگۆڕینێکی جیاواز ..!

سەنگەرگۆڕینی ئەم زاتە لە هەر کارەکتەرێکی سیاسی و سەربازی سەنگەرگۆڕاو دەلالاتی جیاوازتر و ترسناکتر لەخۆ دەگرێ، بون بە پارتی ئەم زاتە لە بون بە پارتی عارف ڕوشدی و نەجمەدین کەریم و ڕێباز حەملان و محەمەد حاجی ناچێ، پێداگری پارتی و ئەو ئۆفەرەی لەبەرامبەر سەنگەرگۆڕینیدا پێشکەشیکردووە لە هیچ کارەکتەرێکی سیاسی و سەربازی سەنگەرگۆڕاوی پێشوتردا بەرچاو ناکەوێ، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی کەسایەتی ئەمنی و سەربازی ئەم زاتەوە هەیە کە دەمێکە پارتی لەم دەڤەرەدا بەدوایدا دەگەڕێ.
سودی ڕێباز حەملان و هاشێوەکانی بۆ پارتی، جگەلە هەندێک پەیامی سیاسی ئاڕاستەکراو، تەنها لە خودی شەخسی خۆیان و بازنەیەکی بەرتەسکییاندا دەسوڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەم زاتە جیاوازترە و جگەلە پێگەی عەشیرەتی و نفوسی کۆمەڵایەتی، لەهەمانکاتدا توانای ڕیسکی هەیە و، هەڕەشە و سەرئێشەی زۆرە، بۆیە بون بە پارتی ئەم زاتە دەروازەیەکی نوێیە بۆ چاندن و سەوزبونی خواست و ویستی لەمێژینەی پارتی کە تائێستا دەرفەتی زێڕینی لەم چەشنەی بۆ هەڵنەکەوتووە…
٭٭٭٭٭
وادەردەکەوێ گۆڕانەکان زیاتر لە هەر گروپ ولایەنێکی تر ئەم هەنگاوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیان بەدڵ بێ، چونکە بەم هەنگاوە، بەرەی ناڕازی گۆڕان لاوازتربو، لەهەمانکاتدا زەبرێکی کوشندە بەر ئەو گوتارە کەوت کە گۆڕان بە پاشکۆبونی پارتی تۆمەتبار دەکات، بۆیە بەئاشکرا هەندێک لە گۆڕانەکان بە هەستێکی تێکەڵ بە شانازی و توانجدانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنها گۆڕانی ئێستا مانیفێستی بیرو دیدگای نەوشیروان مستەفا دەکات و ئەوانی تر موزەیەف بون، لەکاتێکدا ئەم بیرکردنەوەیە جگەلە گەورەبونی پارتی هیچی دی بەرهەمناهێنێت، باشتر وابو گۆڕان لەبری ئەوە؛ دیراسەیەکی وردی دیاردەی بە “پارتی”بونی بەشێک لە کارەکتەرە دیارەکانی بکات کە ساڵانێکە دەرگیری جەستەی خۆی بوە، یاخود لەسەر فڕاندنی کارەکتەرەکانی، هەڕەشەیەکی جدی لە پارتی بکات …
٭٭٭٭
بۆ یەکێتی ئیحراجییەکی گەورەیە کاتێک کەسایەتییەکی لەمشێوەیە لەژێر هەژمونی دەسەڵاتخوازی ئەودا دەبێتە پارتی، ئەم ڕووڕاوە پێی وتین؛ یەکێتی لە کڕین و ڕاکێشانی کارەکتەرە سیاسی و سەربازییەکانی دەرەوەی ماڵی خۆی لەگەڵ پارتیدا کێبڕکێی پێناکرێ و پێشی نەکراوە، دەشبێ یەکێتی لەدوای ئەم ڕووداوەوە خۆی بۆ هەندێک پێشهاتی ناجۆر و مەترسیدار ئامادە بکات کە ڕەنگە پێشتر ڕووبەڕووی نەبوبێتەوە، چونکە سەنگەرگۆڕینەکە دروستکردنی هێز و پڕچەککردنی تێدایە، واتە ڕیسک و هەڕەشەکانی ئەم زاتە هی سەردەمی گۆڕانبونی نییە، بەڵکو ئەمڕۆ پشت ئەستورە بە هێزێکی گەورەتر و پارە و چەکیشی لەپاڵدایە..!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button