تەوافوقی نەوتیی هەڵبژاردنی ئایندە دەباتەوە؟

بە مەفهومە سیاسیەکەی عێراق بەتەواوی دابەشبوە بۆ هێزو بلۆکە گەورەکانی نەوت و سەرباز، هەر ئەوەش زامنی هەڵبژاردنی ئایندە دەکات ئیتر مانایەک بۆ چەمکەکانی دوای رێنیسانسی ئەوروپی و شۆڕشی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و دیموکراسیەت نامێنێتەوە، ئەوەش کە باسی ئەو خەون و چەمکانە دەکات لەناو ئەو جەنگەڵە پڕفاشیزمە ئاینییەی عێراق سەرکێشی و شەڕێکی دۆڕاو دەکات بۆیە یان لەگەڵ بلۆکی گەورە خۆت تەیارو ڕێک بخە یان ئۆپۆزسیۆنێکی جددی بە، بەڵام پیاوبەو بەدەنگی بەرز!

عێراق چیتر وەک دەوڵەتێکی دیموکرات و خاوەن سەروەریی و دەستوریی و بڕیاردەر کۆتایی هاتووە، ئەوەی ئێستا کاری پێ نەکرێت دەستورو یاسا مەدەنییەکان و تۆلێرانسە. ئەوەش کاری پێ دەکرێت شەرعیەتی شۆڕشگێریی و هەژموونی حیزبی و مەزهەبییە. ئەوە ئیتر کۆتاییش دەهێنێت بە ریسکی موزایەداتی سیاسی و پروپاگەندەی حیزبی و پەرلەمانی و پرسی لامەرکەزیەت و بەهەرێمکردن و قاژکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچە کە هەندێک حیزب و مەندوب بۆ مەرامی هەڵبژاردن جارناجار دەیکەنە سلۆگان و دروشمی خۆیان و کوللی جارێکیش شکست دەهێنن و دیسان قەوانەکەمان بۆ لێئەدەنەوە.

رێککەوتن لەسەر بودجە بەتەنها ڕێککەوتن نەبوو لەسەر داهات و نەوت و رەقەمەکان بەڵکو ڕێککەوتن بوو لەسەر دەسەڵاتەکانی مەرجەعیەتی دینی و نەتەوەیی کوردیی و عێراقی و مانەوەی پێشمەرگەو میلیشیاکانی حەشدو لیواکان وەک خۆی. بەواتایەکی تر تێپەڕاندنی موازەنەی ئەمساڵ داننان بوو بە قەوارە ئەمنی و عەسکەریی و هەژموونە جوگرافیەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئیتر هەندێک گروپی بچوک نیگەرانن ئەوە هیچ لە گەمەو تەونەکانی سیاسەت نەگەشتوون.

ئێستا ئیتر شتێک نییە ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی و دینی و شەراکەت و تەوافوقی پۆلەتیکی سروشتی بێت. ئەوەی هەیە تەوافوقی فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی هەژمونگەریی سەربازو خاک و پارەیە. وەک بینیمان پرسی ژینگەو کارەباو ڕێگاوبان و کەرتی تەندروستی و ئەنفال و جینۆساید بەتەواوی لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ وون بوو هیچ ئۆپۆزسیۆن و مەندوبێکیشی نەجوڵاند. ئەوەی هەبوو لە رابردوو جەنگێک بوو بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی حیزبی و کورسی ئایندەی پەرلەمانی و دەبێ لەو هاوکێشەیە تێبگەین.

بۆیە فۆرمی سیاسەتکردن و مۆدێلی حوکمرانی بەتەواوی گۆڕاوە و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کە نییە دەبێ لەوە تێبگات. مەرج نییە ئەو فۆرمەی عێراق دیموکراسی بێت دەرکەوت دیموکراسیەتی ساختە عێراق بەرێوە دەبات ئیتر لات وانەبێ کوردستان پاریس و لاسفیگاسە. بۆیە باشترە هەندێک هاوپەیمانی و بەرەی تازە ئەندێش و خەیاڵاویی، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی رای گشتی کوردیی نەکەن بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی هەرێم، سیاسەتکردن بریتی نییە لە دەنگە دەنگ و زاهیرەی سەوتی بەتەنها بەڵکو هەندێک جار خۆگونجاندنە لەگەڵ واقیع و خۆنەرمکردنە لەگەڵ سێبەرە گەورەکاندا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button