كەمئەندامان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمەیان هەڵدا

لڤین:
لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا كەمئەندامان گردبوونەوە و وەک ناڕەزایی دەربڕین و بۆ جێبەێکردنی داواکارییەکانیان خێمەیان هەڵدا و ڕایانگەیاند کە “ڕەمەزان بە سكی برسی ناكرێت”.
سەبارەت بە گردبوونەوەکەیان سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی رایگەیاند، “بۆ گەیاندنی پەیام و داواکارییەکانمان هاتوینەتە شاری هەولێر و بۆ ئەوەش داوا دەکەین کەمئەندامانی شاری هەولێر، رێکخراوەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن لێرە ئامادەبن نەوەکو شتێکی نائاسایی رووبدات”.
وتیشی: “ئێمە بۆ رووخاندنی حکومەت نەهاتوینەتە ئێرە، تەنیا داوای گێڕانەوەی مافەکانمان دەکەین و بۆ ئەوەش تاوەکو جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان و هاتنە سەرخەتی سەرۆک وەزیران لێرە خێمە هەڵدەدەین و دەمێنینەوە”.
سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، ڕوو لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان وتی: “رەمەزان بە سکی برسی ناکرێت، هەتا کەی چەوساندنەوەی کەمئەندامان؟”.