تونس_تورکیا، نەهزەو ئاکەپە !؟

لەڕاستیدا چەمکی کودەتا بەتەنها هەڵگەڕانەوە نییە وەک هەندێک ناوی دەبەن بۆ مەبەستی ئیدانەو سەرکۆنەکردن، بەڵکو جۆرێکە لە هۆشیاریی و هەستانەوە، واز لە شەرعیەت بهێنن کە هیچ دەسەڵاتگەرێک لە مێژوودا شەرعییەتی تەواوی نەبوەو نییە. کودەتا خۆی بریتییە لە هێزی شاراوەو بکەر نادیار، لایەنی نەیار یان ستەملێکراو، کە ئەو بکەرو هێزە چالاکە شاراوەیە لە دەوروبەری نابینێت کەواتە گەمژەو لاوازە وەک نمونەی مورسی و غەننوشی لە میسرو تونس.
هەمیشە کودەتاچییەکان دەسەڵاتیان هەیە بۆیە دەتوانن کودەتا بکەن، تەواو ماهیرو شارەزان لە هونەرێکدا کە پێی دەوترێت شاردنەوەی هێزو جوڵە نهێنیەکان بۆ ڕۆژی خۆی، یان تەکنیکی خۆ مەڵاسدان بۆ سەعاتی سفر، کودەتابەسەرداکراویش هەمیشە پێشتر نمایشکارو باڵڕاوەشێنەرو خۆدەرخەرو بێئاگا بوە لە زۆر کەین و بەین.
ئەردوغان لە تورکیا چەندین جار کودەتای هەڵوەشاندۆتەوە بە قازانجی سوڵتانیزمی خۆی و فاشیزمی تورکی و ئیسلامی. وەلێ دەیان جاریش خۆی سەرقافڵەی ئەرگەنەکۆنی سەوزی دینیی و کودەتاکردن بوە بەسەر شەرعیەت و پەرلەمان و یاسادا، کوردان لە باکور بە درێژایی مێژوو لەژێر جەبری ئەو ستەم و کودەتایانەدا ژیاوە کە ئەم جۆرەیان مەترسیدارترە.
بۆ مەگەر راوەدونان و زیندانی و ئەشکەنجەی ئازادیخوازان و داخستنی چەندین پارت و گرتنی هەزاران ئازادیخواز لە بزاڤی گویلەنیەکان و گۆڕینی دەستورو سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی و دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بەدڵی سوڵتان و زیندانیکردنی سەدان سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارو کەسایەتی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش کە بەدەنگی خەڵک شەرعیەتیان دەستخستوەو ئێستا حوکمدراوە، ئایا ئەمە کودەتانییە چییە !؟
بۆیە ئەوەی لە تونس ڕویدا هیچ نییە جگە لە بێ دەسەڵاتی و بێ ئاگایی ئەوانەی وەک بزافی نەهزەو تەڤگەری ئیسلامی خۆیان پێناسەکردو نەیانتوانی جڵەوی دەسەڵات توند وەربگرن دژی نەیارەکانیان. بەکورتی ناکرێ بەوەی تونس بڵێیت کودەتاو ئیدانەی بکەیت و بەو هەوڵانەی تورکیاو ئاکەپەش بڵێیت سیاسەت و بەرژەوەندیی دەوڵەتیی!!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button