لەئەگەری سەرکەوتنی سەدریەکان؛ عێراق دەبێتە جمهوریەتێکی ئیسلامی

لەدوای روخانی رژێمی پێشو ئینجا سەرکەوتنی شیعەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات، کێشەی نێوان سەرکردەکانی شیعە رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوونە.
لە جەوھەردا شەرەکەیان لەسەر سەرمایە کۆکردنەوەو دەسەڵات و نفوزەو بەرگی شیعەگەرایی و دین و مەزھەبیان کردووە بە بەریدا.
نوری مالکی یەکێک لە ئەستێرە سیاسیە دیارەکانی شیعە بوو، ساڵانێکە تیشکی روو لە کز بوونە.
لە سەردەمی نوری مالکی دا زۆرترین تەقینەوەو وێرانکاری ھەبوو کە بە هەزارەها ھاوڵاتی تێیدا بوون بە قوربانی، ئەمە بێجگە لە لەدەست دانی نیوەی خاکی عێراق بە رێکخراوی تێرۆریستی داعش و شکانی شکۆی حکومەت و سوپای عیراقی. گەندەڵیش لەسەردەمی ئەو زۆر زۆر بوو.
یەکێکی تر لەسەرکردە شیعەکان مقتەدا سەدرە، کە ئەستەمە بتوانرێت پرۆفایلی بۆ دروست بکرێت.
زۆرێک لەو بڕوایەدان کە کەسێکە، قوڵایی سیاسی نیەو ئاستی خوێندەواری نزمە و تەنانەت لە ئاین و مەزھەبدا زۆر قوڵ نەبۆتەوەو زانیاری نیە.
ئەم سەرکردەیە کە بە “دروستکەری پاشاکان” ناو دەبرێت “صناع الملوك”. ڕاو بوچوونی خۆی زوو زوو دەگۆڕێت. لە لایەک سەرۆک وەزیران و زۆربەی وەزیرەکانی کابینەی حکومەت دەستنیشان ئەکات و،لە حکومەت دا بەژدارەو لە لایەکی ترەوە خۆی وەکو ئۆپۆزسیون پیشان ئەدات. ھەرکات وەزیرکانی گەندەڵکار دەرچوون و دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکار ھێنا ئەوا خۆی لێیان بێبەری دەکات، وەک ئەوەی سەر بە رەوتەکەی ئەو نەبن.
داوا دەکات دەسەڵاتی یاسایی بەرزترین دەسەڵات بێت و خۆی دەسەڵاتی یاسای تایبەت بە خۆی ھەیە. داوا دەکات چەک تەنھا بەدەست حکومەتەوە بێت و خۆی خاوەنی ھێزێکی بەھێزی چەکداریە. سەرایە سەلام و جەیشی مەهدی و هی تریشی هەیە.
دوای بەژداری کردنی لە نوێژی جمعەی ملیونی لە ٢٧/١٠/٢٠٢٠ لەشاری بەغداد و ھەوڵدانی بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعی کە ئاماژە بوون بۆ ئاڵوگۆرێگی ریشەیی لە بۆچونی مقتدادا و ھەوڵدانی بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات و حوکم کردنی راستەوخۆی عێراق ئەویش بە دانیشتنە لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران.
ساڵانێکە لە دوای دەسەڵاتی مالیکیەوە سەرۆک وەزیرانەکان ناراستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەدردا بوون، بەڵام پێدەچوو کە چیتر نەیەوێت ناراستەوخۆ فەرمان ڕەوایی بکات و دەیویست بۆ کابینەی داھاتووی عێراق راستەوخۆ خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت.
گەربێت و بەراوردێکی وردی بۆچونەکان و ھەڵسوکەوتی پڕ لە ھەڵچوون و داچوونی ئەم سەرکردەیە بکەین دەبینین کە عێراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار ھەنگاو دەنێت.
بۆ گەیشتنی بە پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی بە زۆرترین کورسی پەرلەمانی ھەیە و بۆ ئەم مەبەستەش ژیرانە ھەنگاوی ناوە لە رێگای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و دیاری کردنی سنوری بازنەکان لە بەرژەوەندی خۆی بۆ بەدەست ھێنانی زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمانی ھەروەک چۆن تا چەند مانگێک پێش ئیستا بانگەشەی بۆ دەکرد.
ئاماژەو ھەنگاوەکانی بریتی بوون لە:
– ھەبوونی جەماوەرێکی زۆری سەر بە رەوتی سەدر کە توانی بەھۆیانەوە زۆرترین کورسی پەلەمانی بەدەست بھێنێت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.
– کاریگەری ماکینە ئیعلامیەکەی کە دابەشکرابوون بەسەر چەندەھا بازنەدا.
– چڕی نیشتەجێ بوونی جەماوەری سەدر لە پارێزگای بغداد کە ٦٩ کاندید لە خۆداگرێت لە ١٧ بازنەیە. و لە بەرانبەر جەماوەری لایەنەکانی تری شیعی دابەش و پەرتەوازە بوون بەسەر بازنەی ھەڵبژاردنەکان دا.
– زاڵ بوونی سەرایا سەلامی باڵی چەکداری سەدر لە بەشێکی زۆری پارێزگای بەغداد دا بە تایبەتی لە ناوچەی رصافە کە ٩ بازنەی هەڵبژاردن لە خۆ دەگرێت.
– زۆری لایەنگرانی سەدر لە نوسینگەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.
– پێشبینی کردنی کەمی بەژداری کردنی دەنگدەران بە شێوەیەکی گشتی و زیاترو بە بەرنامە بەژداری کردنی لایەنگرانی سەدرلە پرۆسەی دەنگدان کە دەبێتە ھۆی زیاتر بەدەستھێنانی کورسی پەرلەمانی.
– نەبوونی رکابەرێکی بەقوەت و رکابەریکردنی سەدر لەسەر بوون بە ھێزی یەکەم.
بێگومان لەبەرانبەر ئەمانەش دا ھەندێک کێشە لەبەردەم تموحی نوێی مقتەدا بەدی دەکرێت.
لەدوای کوژرانی قاسمی سلیمانی و ابو مھدی مھندس، مقتەدا ھەوڵی دا ببێت بە پێشرەوی مقاوەمەی عێراقی دژ بە ھێزی چەکداری ئەمریکا بۆ بەدەست ھێنانی پاڵپشتی ئێران. ھەربۆیە کەوتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و دژایەتی کردنیان و ناوھێنانیان بە کۆمەڵێک گەنجی بێ هوشیاریی سیاسی و بێ توانای گۆرانکاری و ناشرین کردنی ناوبانگی شۆرشگێران و چاکسازان و دین و مزھەب بە ھاوکاری دەستی دەرەکی و ھەندێک کەسایەتی ناوخۆیی
“ثلة صبيان لا وعي لهم ولا ورع تحاول … تشويه سمعة الثوار والإصلاح والدين والمذهب مدعومة من قوى الشر الخارجية ومن بعض الشخصيات في الداخل”
مقتدی ھەرزوو خۆی کرد بە پێشرەوی شیعەکان و لە تویتێک دا لە مانگی ١٢ ی ٢٠٢٠ بانگەشەی یەکخستنی بەیتی شیعی کرد و واژو کردنی دوو پەیمان.
یەکێکیان پەیمانی شەرەفی عقائدی شیعی و ئەوەی تریان سیاسی.
ئەمەش بووە ھۆی توڕە کردنی شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەران و ناوھێنانی مقتەدا وەکو کەسێکی تایەفی و دژ بە عێراقی فیدرال و ھەر زوو دروشم و شیعاراتی بەیتی عێراقی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە گۆرەپانەکان بەرز کرانەوە. ئەمەش بووە ھۆی لەدەستدانی ئەو پێگە نەتەوەییە عیراقیەی ساڵانێکە مقتەدا کاری بۆ دەکرد و لەبەرانبەردا ناوھێنانی وەکو کەسێکی تایەفەگەر.
ھیچ کام لە حزبە شیعیەکان بەدەم داواکاریەکەی مقتداوە نەچوون و ئامادەی واژوو کردنی ھیچ پەیمانێک نەبوون.
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما و نەبوونی کارەباو بڵاو بوونەوەی گەندەڵیەکی زۆر لە وەزارەتی کارەبای سەر بە رەوتی سەدر و ئاگر کەوتنەوە لە چەند نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سەر بە رەوتی سەدر بوونە ھۆی تورە بوونی شەقامی عێراقی لەو رەوتە.
ئەم پێشھاتانە بونەتە ھۆی ئەوەی مقتدی بە پلان و خواستی خۆی دا بچێتەوە.
لە ترسی بەدەست نەھێنانی ئەو ژمارە کورسیانەی داینابوو بەدەستی بھێنێت و دواتریش بەدەست نەھێنانی کورسی سەرۆک وەزیران و لە ترسی تۆڵە سەندنەوەی شەقام لەو جوڵانەی ئەم چەند مانگەی رابردوو، ئیعلانی بەژداری نەکردنی دا لە ھەڵبژاردنەکان.
ھەرچەندە تا رۆژی ئەمرۆ بە شێوەیەکی فەرمی نوسراوی ئاراستەی کۆمیسیونی ھەڵبژاردنەکان نەکردوە کە ئەمەش لە خۆی دا جێی گومانە و بە تاکتیکێک ئەژمار دەکرێت بۆ دوبارە ئاشت بوونەوەی لەگەل رەوتی خۆپیشاندەرانی تشرین.
لە ئەگەری بردنەوەی لە ھەڵبژاردنەکان بێگومان ئاڵوگوری گەورە لە سیاسەت و یاساکانی عیراق دا دەکات و وڵات زیاتر بەرەو بوونی بە جمھوریەکی اسلامی شیعەیی دەبات.
سەدر ئەگەر هەڵبژاردن بباتەوە عیراق دەبێتە کۆماری ئیسلامی عیراق.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button