رێگری لە د.کازم؛ سەرۆکە یەکێتیەکەی پەرلەمانتان لێدیارە؟!

بەدەر لە هەر راوبۆچونێک سەبارەت بە کاردانەوەکەی سەرۆکی فراکسێۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پێشوی پەرلەمان، بەڵام رێگریکردن لێی بۆ چونە ناو پەرلەمان هەمان نەریتی پارتییە بۆ رێگریکردن لە پەرلەمانتاران کە لە رابردودا کرویەتی و سەرۆکە یەکێتیەکەی پەرلەمان ئێستا لاساییان دەکاتەوە!

ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان تۆزقاڵێک رێزی پەرلەمانەکەی بگرێ دەبێ بەگوێرەی پەیرەوی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکا کە لە پەیرەودا دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەیە بۆ ئەو جەلسەیەی کار یان کاردانەوەکە بوە بێبەشی بکا لە بەشداریکردن، لە پەیرەودا نیە ریگری بکرێ لەوەی بێتە ناو تەلاری پەرلەمان.

سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیی و هەمو ئەوانەش کە دەنگیان بەو بریارەداوە تاوانێکی گەورەیان بەرامبەر ئەو خەلکە کردوە کە پێیان خۆش بێ یان نا د.کازم نوێنەرایەتیان دەکا، پاشان ئەم وڵاتەی کە شکۆی زۆرێک لە پیرۆزیەکانیی بە خیانەتی نیشتیمانیی و تاڵانیی وجەردەیی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ شکاوە دەتانەوێ بە داوای لێبوردنی کەسێک کە نوێنەرایەتی دەیان هەزار دەنگ دەکا وای نیشان بدەن کە شکۆ دەگەرێتەوە؟!

پاشان د.کازم دەڵێ باسی موچە بخەنە برگەکانی دانیشتنەوە داواکەی چ نایاسایی و خراپیەکیی تێدایە تا گوێ لێنەگرن یا ئیهمالی بکەن یا مافی قسەکردنی لێ زەوتبکەن؟!

ئایا ئەوە پێڵاوەکانیی سەرۆکی فراکسێۆنی نەوەی نوێ ( کە من بۆ خۆم مەرج نیە هاورای ئەو کاردانەوە و ئاکارە بم) بۆتە هۆی لاوازی وبیدەسەلاتکردن ئیهانەی پەرلەمان یا ئەو سەرۆکایەتی پەرلەمانەی کە پەرلەمانی وەک وەزارەتێکی لاوازی بەردەستی حکومەتە لێکردوە.

ئەو رێگرییە لە د.کازم کراوە ئیهانەی خەڵکە ئیهانەی دەسەلاتی یاسادانانە، ئیهانەی یاسایە، ئیهانەی ئەو دەنگانەیە کە ئەو پەرلەمانتارە نوێنەرایەتیان دەکا.

چاوەروانیم ئەوەیە، پەرلەمانتارە ئازاکانی پەرلەمان، فراکسێۆنە نارازی و ئۆپۆزسێۆنەکان ئەوە قبوڵ نەکەن، ئەگەر ئەو سەرۆکایەتیەی پەرلەمان (کە بە هەمو مێژوی پەرلەمان سەرۆکایەتی وا لاوازی نەبوە) بۆی بچێتە سەر، ئیدی لەمەوادوا هەرچیی قسەیەک یا ئاکارێکی کرد کە دڵخوازی ئەوان نەبو دەرگای پەرلەمانی بەسەردا دادەخەن.

ئەوەی رویداوە لە رێگریکردن، فەزیحەیەکی سیاسیی وپەرلەمانی گەورەیە، تۆی پەرلەمانتار، یا سیاسی، یا هاوڵاتی، رات لەسەر نەوەی نوێ یا د.کازم هەرچۆنێکە ئازادیت، بەڵام نابێ بە ستەمکاری ویاساشکێنی رازی بیت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button