بێتامتان کرد !

دەربارەی یاسای موازەنە؛ قسەیەک بۆ موزایەدەچییەکان..

ئەو هەموو خۆ بەخاوەنکردنەی یاسای موازەنە کە لە بنەرەتدا مافێکی ئاسایی و یاساییە نەک دەسکەوتێکی زۆر گەورە، وە دەکرا زۆر باشتر بێ ئەگەر تاڵانچیەکانی نەوتی هەرێم و ئاغاکانیان لێگەڕابان، دەلالەتە لەوەی کە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هیچ شتێک نەماوە شانازی پێوە بکەن، باوەشکردن بە هەوا دا نەبێت.

ئەو یاسایە زیاتر لە پەنجا کۆبونەوەی رۆژانە و زیاتر لە پێنج سەد سەعات گفتۆگۆی لەبارەوە کراوە بەشیی زۆری لۆدی ئەو گفتۆگۆیانە لەسەر شانی ئەندامانیی لیژنەی دارایی بوە لە خوێندنەوەی یەکەمەوە تا پەسەندکردنی، ئەگەر وەفدە حکومەتیی و حزبیەکانی هەرێم تەنها ئەرکی یەک دو مادەیان لە ئەستۆ بوە کە پەیوەستن بە هەرێم، ئەندامانی لیژنەی دارایی فشاری کۆی پرۆژە یاساکەیان لەسەر بوە بە هەمو مادەکانییەوە، لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا ئەرکێکی ئاسایی سەر شانمانمان بەجێگەیاندوە نە منەتە و نە پاڵەوانبازی، سەیرە چەند سەردانێک و بەشداری لە چەند کۆبونەوەیەکی وەفدی هەرێم هێندە گەورە بکرێ، من ناڵێم کارێکی باشیان نەکردوە بەڵام یەکجار وا گەورەکردنیشی بەراست نازانم.

پاشان ئەو وەفدە لەگەڵ رێزی زۆرمدا بۆیان زۆرێک لەسەردانەکانیان کۆبونەوەی تێدا نەبوە هێندەی ویستویانە لە نزیکەوە ئاگاداری گفتۆگۆکانیی ناو لیژنەکەی ئێمە بن، ئێ بەڵام هەر هاتنیان بۆ بەغدا باشترە، ناشکوری نەبێ واش نەبوایە خۆ لە هەولێر هەر بێ ئیش بون، نە موچەیان هەیە بیدەنە خەڵک و نە پرۆژەی ئەوتۆ سەریان قاڵ بکا.

هەمو ئەندامانیی لیژنەی دارایی بە کورد و عەرەب و شیعە و سوننەوە شایەتن، بەرپرسی باڵا هەبوە لە بەغدا هەرجارێک هاتبێتە لیژنەکە پێنج دەقە قسەی کردبێ دوای رۆیشتنی لەبەر ئەوەی هیچی لێ نەزانیوە پەنجا دەقەی ویستوە تا قسەکانیمان راستکردۆتەوە و پینە و پەرۆمان بۆ کردوە. ئێستا وەک پاڵەوانیی بێ رکابەری بودجە بۆ میدیاکانیان قسە دەکا؟!

بە گەڕانەوە بۆ یاساکە ئەوە راستە کە یاساکە برگەی باشی تێدایە بەڵام بە مەرجێک هەرێم جێبەجێی بکا، ئەم یاسایە کاتێک گرنگە کە جێبەجێ بکرێ، سنگ دەردەپەرێنەرانی ئێستای دەسەڵات ئەوانەی دەڵێن ئێمە بوین راستگۆییان کاتێک دەردەکەوێ کە وەک حەماسی ئێستای دێواندنی خۆیان هەوڵێ جێەجێکردنی هەمو برگەکانی بدەن بێ جیاوازی و خۆیانی لێ نەدزنەوە.

راستیەک هەیە بۆ میژوو با ڕون بێ، ئەوانە ئامادەنین دەستبەرداری سیاسەتی نەوتی هەرێم بن بەو شیوە سەقەتەی ئێستا هەیە تا دەیانروخێنێ، کە گوترا نەوتەکە رادەست بکەن چون بە تورکیایان گوت ئەو قازانجەی تۆ لە نەوتی ئیمەی دەکەی لە خەتەردایە، تورکیا هاتە سەر خەت، بە عێراقیان گوت داهاتتان بوێ باشترە نەکا بۆریەکانمان بتەقنەوە عێراقشیان بەوە رازیکرد، ئەوەش لەسەر حسابی ئەو نەوتەی هەرێم کە تەنها موڵکی نەوەکانی ئێستا نیە بەڵکو نەوەکانی ئایندەشە.

تاڵان و بڕۆ کردنیی سامانە سروشتیەکانیی خاکی نیشتیمان تاوان و خیانەتێکی گەورەیە لە ئەمانەت و حوکمڕانیی.

دیقەت بدەن ئامادەن و دڵیان خۆشە بەوەی لەو نەوتەی کە موڵکی خەڵکی هەرێمە دو جار زیان لە هەرێم بدەن بۆ خزمەتی ئەنقەرە و بەغدا بەس تەنها بۆ ئەوەی فرۆشتنی نەوت لای خۆیان بێمێنتەوە و بەم شەقوشڕییە ئیدارەی بدەن.

دڵخۆشی ئێمە بەو یاسایە جیا لە مادە و برگە باشەکانیی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە فشارێک بێ لەسەریان بەڵکو تاکە جارێک راستگۆ بن و پابەند بن، کیشەی موچە و گوزەرانی خەڵک باش ببێ. دڵخۆشی ئەوان بە یاساکە هی ئەوەیە نەوتەکە لە دەستی خۆیاندا ماوەتەوە، شاییەکەشیان هەر بۆ ئەوەیە نەک موچە و مافی خەڵک .

با چاوەرێ بین بزانین راستگۆییان بەرامبەر چوار مانگ وەعددان بەوەی پابەند دەبن، هاوشیوەی ئەو سنگدەرپەراندن و فشە فشە سیاسیە دەبێ کە ئێستا دەیکەن!؟

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button