بزوتنەوەی گۆڕان: داوا دەکەین هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبن بە یاساى بودجەوە

لڤین:

بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق رایگەیاند، سەرەتایەکى نوێیە لە مامەڵەى دارایى و سیاسی لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندیە باڵاکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکان.

وتەبێژى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکی  بڵاوکردەوە و تیادا دەڵێت: پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و پشتیوانی نوێنەرانی کورد و، تیمى دانوستانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە.

 دەقی راگەیەندراوەکە:

لێدوانێک لە وتەبێژى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕانەوە..

دواى پەسەندکردنى بودجەى فیدڕاڵى عێراق بۆ ساڵى (2021)، ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان ئەم هەنگاوە بە سەرەتاییەکی دڵخۆشکەر دەزانین بۆ باشکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پابەندبونە دەستوریەکان.

لە ماوەى رابردودا، هەمیشە جەختمان لەسەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى ئیتیحادى کردوەتەوە، ئێستا کە بە هەوڵى هەموو لایەک رێککەوتنێکى هاوسەنگ هاتوەتەدى و سەرەتایەکى نوێیە لە مامەڵەى دارایى و سیاسی لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندیە باڵاکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکان.

پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و پشتیوانی نوێنەرانی کورد و، تیمى دانوستانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە. بەتایبەت ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتی ھەرێم کە بناغەى ئەم رێککەوتنە بەشێک بوە لە پڕۆژەى رێککەوتنى بودجەى فیدڕاڵى بۆ ساڵى (2020).

ئێمە لەکاتێکدا لەگەڵ جێبەجێ کردنى تەواوى ماددە و بڕگەکانى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداین، داوا دەکەین هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبن بە یاساى بودجەوە، لەپێناو ژیان و گوزەرانى موچەخۆران و خەڵک.

بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانیش جەخت لەسەر سەرپێخستنى چاکسازى گشتگیر و گەڕانەوەى سەرجەم داهاتەکان بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم دەکەینەوە، بەشێوەیەک ئەم ھەنگاوانە ببنە فاکتەری نەهشێتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

١ی ٤ی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button