نەتەوە یەکگرتوەکان: ئەوەی لە غەززە دەیبینین کۆمەڵێک تاوانی جەنگی بێوێنەیە
لڤین
نێردهی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ خاکەکانی فەڵەستین ئەمڕۆ چوارشەممە رایگهیاند، ئەوەی لە غەززە دەیبینن کۆمەڵێک “تاوانی جەنگی بێوێنەیە”.
فرانسیسکا ئەلبانیز، نێردهی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ خاکەکانی فەڵەستین رایگهیاند، “ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، ڕەنگدانەوەی مەبەستیەتی بۆ لەناوبردنی هەمو ئەو شتانەی کە وەک جینۆساید پۆلێنکراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “گەلی فەڵەستین لە ساڵی 1947وە بەدۆخێكدا تێپهڕیوه کە ڕێگەی بۆ جینۆساید خۆشدەکات” لەم چوارچێوەیەدا وتی، “ئێمە پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەوەی لە ساڵی ’48 ڕویدا جینۆسایدە یان نا”.
ئەو نێردهیهی نەتەوە یەکگرتوەکان باسی لهوهشكرد، “ئیسرائیل دەستکاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی پاساو بۆ پێشێلکارییەکانی لە غەززە بهێنێتەوە و ئەگەر دادگای تاوانەکان جددی بوایە لە لێکۆڵینەوە لە غەززە، ئەوا بۆ دەیان ساڵ سەرقاڵی لێكۆڵینهوه دەبێت”.
ئهوهشی خستهڕو، “ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکەی لەناوبردنی حەماس بوە، بەڵام کردەوەکانی بوە هۆی کوشتنی زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات، ڕەخساندنی هەلومەرجێکە کە ژیان بۆ فەڵەستینییەکان مەحاڵ دەکات”.