دەستەی مافی مرۆڤ: سەرکۆنەی هەر توندوتیژییەک دەکەین کە بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام بدرێت

لڤین

دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشتی لە هەمو خۆپیشاندانێکی مەدەنی و یاسایی دەکەن، هەروەها ئیدانەی هەمو جۆرە توندوتیژییەک دەکەن کە بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسیانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی کراوە.

دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی دوشەممە، ژمارەیەک مامۆستا لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ مەبەستی داوا کردنی موچەو بەرامبەر خراپی ژیانیان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەوەو ژمارەیەک لەو مامۆستایانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر کران.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەهەمان کاتیش لەناو خۆپیشاندەران ژمارەیەک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەوە و دەست بەسەر کەل و پەلە ڕۆژنامەوانیەکانیان داگیرا.

دەستەی ماف مرۆڤ ئەوەشی خستوەتەڕو، وێڕای ئەوەی پاڵپشتی لەهەر خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی مەدەنی ویاسایی دور لەتوندوتیژی دەکەن بۆ داواکردنی مافەکانیان، لەهەمان کاتدا ئیدانەی هەمو جۆرە توندوتیژیەک دەکەن کە بەرامبەریان کراوە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و توندوتیژیانە دورن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێکارە یاساییەکان و ئازادی ڕادەربڕین.

باسی لەوەشکردوە، لێرەوە داوا دەکەن هەرچی زوە سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کەس وکاری خۆیان، تا ئێستاش حاڵەتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامە بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکان، چەندان جاری تریش داوایان کردوە ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەو هەڵسوکەوت بکەن کە جگە لە نیگەرانی ناوخۆیی کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button