لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نزیک مۆسکۆ 40 کەس کوژران و زیاتر لە 100ی دیکەش برینداربوون

لڤین

ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا رایگەیاند، “هێرشە تیرۆریستییەکەی کۆمەڵگەی هۆڵی شارەوانیی کرۆکوس بووە هۆی کوژرانی 40 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس“.

هاوکات سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە ناو هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە گەڕەکێکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، ئاگرێک کەوتووەتەوە و چەند کەسێک گیانلەدەستداوە.

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ گوتی “ئەمڕۆ کارەساتێکی ترسناک لە شاری کرۆکوس روویدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 7ی ئازاری 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا هۆشداریداوە بە هاوڵاتیانی ئەمریکی کە خۆیان دووربخەنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکانی مۆسکۆی پایتەخت بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیان.

کەمێک پاش رووداوەکەش کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەوان هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان دەربارەی رووداوەکە نەبوو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button