بەهۆى زریان و لافاو سێ کەس لە فەڕەنسا گیانیانلەدەستداوە و چوارى دیکە بێسەروشوێنن

لڤین

بەهۆى زریان و لافاوەوە لە فەڕەنسا، سێ کەس گیانیانلەدەستداوە و چوار کەسى دیکە بێسەروشوێنن، دووان لە بێسەروشوێنەکان منداڵن.

ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە باشوورى فەڕەنسا بەهۆى زریان و لافاوەوە، سێ کەس گیانیانلەدەستداوە، ئەو سێ کەسە هەوڵیانداوە لەناوچەى (پۆنت دو گارد) بەسەر پردێکدا بپەڕنەوە کە لافاو دایپۆشیوە بەڵام گیانیانلەدەستداوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاژانسەکە، تەرمى یەکێک لە قوربانییەکان چەند سەد مەترێک دوورتر لە شوێنى رووداوەکە دۆزراوەتەوە، کە دوو کەسى بەلجیکى بوون و یەکیان توانیویەتى خۆى هەڵبواسێت بە دارێکدا و زیاتر لە دوو کاتژمێر بەو شێوەیە ماوەتەوە تاوەکو رزگارکراوە، دوو تەرمەکەى دیکەش لەگوندى گودارگ دۆزراونەتەوە.

روونیشکراوەتەوە، هەروەها چوار کەسى دیکە بێسەروشوێنن، چوار ئەندامى خێزانێک کە دوو هاوسەر و دوو منداڵ بوون لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون هەوڵیاداوە بەسەر پردێکدا بپەڕنەوە لە باکوورى شارى نیم، توانراوە ژنەکە بدۆزرێتەوە و گەڕان بەشوێن دوو منداڵەکە و باوکیاندا بەردەوامە.

لەبارەى ونبووى چوارەمەوە فرانس پرێس باسى لەوەکردووە، پیاوێکە و لە گوندى سان مارتان دو فالاما بەهۆى بارانبارینى بەخووڕ بێسەروشوێن بووە.

بەهۆى بارانى بەخووڕ و دروستبوونى لافاوەوە کە بەهۆى زریانى ناسراو بە (مۆنیکا) دروستبووە، حکومەتى فەڕەنسا حاڵەتى لەناکاوى پرتەڤاڵى لە شەش ناوچە راگەیاندووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button