ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت

 

ئەمڕۆ دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام بڕگەى هەڵبژاردنى سەرۆکى  نوێی پەرلەمانی عێراق لە کارنامەى دانیشتنەکەدا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکە، تەوەرى یەکەمى دانیشتنەکە، دەنگدانە لەسەر هەموارکردنەوەى پرۆژەیاساى ئەندامێتیى عێراق لە ڕێککەوتننامەى نێودەوڵەتیى هێڵەکانى بارکردن و گواستنەوەى نێوان وڵاتان.

لە تەوەرى دووەمیشدا، خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى بڕوانامەکان و پلەى زانستى گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، هەروەها خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى سەندیکاى کار و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى دەکرێت و خوێندنەوەى یەکەمیش بۆ پیشنیازەیاساى هەموارکراوى پارێزەران دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بڕگەى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە لە کارنامەى دانیشتنەکەدا نییە.

پاش لەکارلادانى محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە، لە ڕۆژى 14ى تشرینى دووەمى ساڵى رابردوو، تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆئەوەی سەرۆکێکى نوێ بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران دیاربکرێت، ئێستا موحسین مەندەلاوی، بە وەکالەت سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و دانیشتنەکان بەڕێوەدەبات،

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button