وهزارهتی دارایی: دهتوانرێت ههژماری من به بانكهكانی عێراقهوه ببهسترێتهوه
لڤین
هونهرجهمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دارایی عێراقیش، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەین”.
هونهرجهمال، بۆ كوردستان 24 باسی لهوهشكرد، “ئێمە لە حکومەتی هەرێم نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی ‘هەژماری من’ کردووە، ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێر هەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە. ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش دەستپێدەکات”.
“بەداخەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران پەیامی بەغدا دەگەیەنن لە دژی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ئەو كێشانەی لە عێراق هەیە”، هونهر جهمال وای وت.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، “تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە، هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێغییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت”.
هونەر جەمال هێمای بۆ ئهوهش کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تا ئێستا، “سێ ساڵ یاسای بودجەی فیدراڵی هەبووە، دوو ساڵیش بەپێی یاساکانی دیکە. پێویست بوو لەو پێنج ساڵەدا 59 تریلیۆن و 29 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەو پێنج ساڵەدا تەنها 13 تریلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشێکی زۆری بە شێوەی قەرز بووە. واتا لە پێنج ساڵی رابردوو تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی وەرگرتووە”.
بە وتەی هونەر جەمال، “حکومەتی عێراق بەردەوام ویستوویەتی هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەردەوام بیانووی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات”.
بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.